دوای تەواو بوونی خولی نایابی عێڕاق و پاڵەوانیەتی جامی عێڕاق، ئێستا یانەکان هەوڵی گرێبەستکردن دەدەن لەگەڵ یایزانان.
یانەی دهۆک بۆ ئامادەکاری وەرزی نوێی خولی پڕۆلیگی عێڕاقی، گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە یاریزانان ڕێبازڕەحیم و ڕابەرجەلال لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی واژۆکردووە، هەروەها یاریزانی پێشووی یانەکانی حوسێن و حدود و زەوڕا و جەویە و دیوانیە حوسێن حەکیم پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، لە پێشووتریش دەهۆک ڕایگەیاندبوو کەوا گۆڵکاری خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق عومەرعەتاالله ی لە یانەی شەرگاتەوە گواستۆتەوە ڕیزەکانی.
یانەی زاخۆ دوای گرێبەست کردن لەگەڵ ڕاهێنەری قەتەڕی تەڵال بەلوشی، پێنج یاریزانی گواستۆتەوە ڕیزەکانی ئەوانیش هەریەک لە ئاریان جەوهەر لە یانەی سیروانی نوێ وە و ئیسماعیل یاسین لە یانەی ئاڕاڕات و حوسێن فەلاح لە یانەی قوەی جەوی و هەر دوو یاریزانی پیشەگەر ڕۆدریک کابۆوی زامبی و ئێنک سۆسای یاریزانی بەرگری بەڕازیلی یە، لە ڕۆژانی داهاتووش بڕیارە یانەکە چەند گرێبەستێکی تر ڕابگەینێت.
یانەی نەورۆز تا ئێستا بۆ وەرزی نوێی خولەکە، گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزانی تازە واژۆ کردووە، هەر یەک لە موڕتەزا هەدیب و مستەفاجەلیل لە یانەی نەجەف و هەر دوو یاریزانی پیشەگەر لامین ساماتای گامبی و ئیبراهیم تۆمیوای نەیجیری بە فەرمی پەیوەندیان بە یانەی نەورۆزەوە کردووە.
یانەی هەولێر تا ئێستا بە شێوەیەکی چڕ نەهاتۆتە نێو کەشوهەوای گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان ئەویش بە هۆی سەرقاڵی و دواکەوتنی یاری کۆتایی جامی عێڕاق کە یانەی هەولێر دوای سەرجەم یانەکانی بەشدار لە خولی عێڕاق کۆتایی بە کاروانی وەرزی 2022 _ 2023 هێنا، یانەکەی قەڵاومنارە تا ئێستا گرێبەستی یەک یاریزانی پیشەگەری واژۆکردووە کە ئەویش خەلیفە ئەبوبەکری سەنیگالیە و لە هێلی ناوەڕاست یاری دەکات.
بە شێک لە یاریزانە کوردەکانی کە لەخولی عێڕاق یاریان دەکرد، گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانیان تازە ناکەنەوە و ڕوو لە یانەکانی تر دەکەن، ئیڤان خالید یاریزانی یانەی کارەبای شاری بەغداد وازهێنانی خۆی لە یانەکە ڕاگەیاند دوای دوو وەرز یاریکردن بۆ ئەم یانەیە، کۆسرەت بایز لە ڕاگەیەنراوێکدا سوپاسی یانەی نەورۆز و هاندەرانی دەکات و بە فەرمی ڕیزی یانەکەی شاری سلێمانی جێهێشت، نیازمحەمەد دوای نیو وەرز یاریکردن لە ڕیزی یانەی نەورۆز، ئێستا لە شاری بەسڕایە و ئەمڕۆ گرێبەست لەگەڵ یانەی مینای ئەوشارە واژۆ دەکات بۆ یاریکردن لە خولی پڕۆلیگی عێڕاقی لە وەرزی داهاتوو، سەرهەنگ موحسینی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی ئەمانەی بەغداد لە ئەکاونتی تایبەت بە خۆی ڕایگەیاند کەوا هیچ پەیوەندی بە یانەکە نەماوە و لە ئێستادا سێ یانەی نایابی عێڕاق لە سەر هێلن بۆ گواستنەوەی گۆڵپارێزە کوردەکە.
هەر چوار یانە کوردستانیەکەی بەشدار لە خولی پڕۆلیگی عێڕاق، تا ئێستا بە فەرمی گرێبەستی هیچ یاریزانێکی کوردی خۆیان نوێ نەکردۆتەوە، هەفتەی داهاتوو چارەنووسی بەشێکی تر لە یاریزانەکان دیار دەکەوێت.