پاریس شوێنگرەوەی کەین و ئۆسیمین دەستنیشان دەکات
یاریگا –
پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی هاری کەین بێهیوا بووە و ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنە بۆ شوێنگرەوەکان.
سانجێرمان هەوڵێکی زۆری بۆ گواستنەوەی هاری کەین، ئەستێرەی تۆتنهام و ڤیکتۆر ئۆسیمین، هێرشبەری ناپۆلی دا، بەڵام پێدەچێت کەین لەگەڵ میونشن رێککەوتبێت و ناپۆلیش داوای بڕی 200 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی ئۆسیمین دەکات، بۆیە ئەمجارە سەرنجی تەواویان لەسەر راندال کۆلۆ موانی، هێرشبەری ئێنتراخت فرانکفورت داناوە.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، موانی بژاردەی سەرەکی پاریسە تاوەکو لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا بیگوازێتەوە ریزەکانی. راندال لە وەرزی رابردوودا لە بۆندسلیگا لە کۆی 32 یاریدا 15 گۆڵی کرد. ئێستا ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان خۆی سەرپەرشتی گواستنەوەکان دەکات و لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ نوێنەری ئەستێرە فەرەنسییەکە کۆبووەتەوە.
پاریس جیا لە موانی، خەریکە کار لەسەر گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی بارسێلۆنا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پاریس و بارسادا نییە.