یاریگا –
لیۆنێل مێسی بە پۆشینی درێسێکی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، رێز لە سەروەرییەکانی ئەفسانەکە دەگرێت.
مێسی، توانی میراتی مارادۆنا هەڵبگرێتەوە و جارێکی دیکە ئەرجەنتین بە نازناوی مۆندیالی شادکردەوە. ئەستێرەکەی ئینتەر مەیامی وێنەیەکی خۆی بە درێسی مارادۆنای مۆندیالی 1994 بڵاوکردووەتەوە کە دوا دەرکەوتنی مارادۆنا بوو لە مۆندیالدا.
مارادۆنا بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ هەژمار دەکرێت و دوای بردنەوەی مۆندیالیش، مێسی بووەتە کێبڕکێکاری سەرەکی لەسەر نازناوی باشترینی مێژوو، چونکە مارادۆنا بەردەوام لافی بە بردنەوەی مۆندیال لێدەدا.
مارادۆنا کە 91 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کردبوو، لە نۆڤێمبەری ساڵی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
مێسی لە نوێنەرایەتی کردنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە کۆی 175 یاریدا، 103 گۆڵی کردووە، هەرچەندە پێشتر وا بڵاوکرایەوە، بەشداەری مۆندیالی 2026 ناکات، بەڵام هیچ شتێک یەکلایی نەکراوەتەوە.