کام گۆرانی دڵخوازی محەمەد سەڵاحە؟
یاریگا –
لیڤەرپوول لە سینگاپۆر، خەریکی ئامادەکارییە بۆ وەرزی نوێ، ئەمەش دوای بەسەربردنی وەرزێکی خراپ بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو و بەدەستهێنانی پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ.
یاریزانانی لیڤەرپوول بە وزەیەکی بەرزەوە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکەن و سۆشیال میدیای یانەکە، بڕگە و بەرنامەی جیاواز لەسەر گەشتەکەیان بڵاودەکەنەوە.
ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری فەرەنسی بە نێو یاریزانانی لیڤەرپوولدا دەگەڕێت و پرسیاریان لێ دەکات، کام گۆرانی دڵخوازی تۆیە.
کۆناتێ دەچێتە لای محەمەد سەڵاح و پرسیارەکەی لێ دەکات، سەڵاحیش لەبارەی گۆرانی دڵخوازی خۆی دەڵێت
لۆس یۆر سێڵف هی ئێمینێم (Lose Your self – Eminem).
وا دیارە وەڵامەکەی سەڵاح، کۆناتێی شۆک کردووە و دەڵێت، ترێنت، گوێت لێبوو کام گۆرانی هەڵبژارد، ئای خوایە، ئێمینێم. لە وەڵامدا سەڵاح دەڵێت، بەڵێ، ئەمە گۆرانی دڵخوازی منە.
یاریزانانی دیکەش گۆرانیبێژی وەک تراڤیس سکۆت، درەیک، گونا، رۆدی ریچ و گێری سینامنیان هەڵبژارد.
لیڤەرپوول لە یارییە ئامادەکارییەکەی بەرامبەر لێستەر سیتی، بە ئەنجامی 4-0 یارییەکەی بردەوە. رۆژی چوارشەممەش، یارییەکی دۆستانە لە بەرامبەر بایرن میونشن دەکات.