یاریگا –
لیۆنێل مێسی بۆ ماڵئاوایی یەکجاری دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا، سەرەڕای شکستهێنانی کاتالۆنییەکان لە بەدەستهێنانی واژۆی لا پوڵگا.
کاتێک لە 2021 مێسی ریزەکانی بارسای جێهێشت، کاتی ماڵئاواییکردنی لە هاندەرانی بارسا نەبوو، راستەوخۆ چووە پاریس سانجێرمان، بەڵام بەردەوام بیرۆکەی رێکخستنی بۆنەیەک بۆ ماڵئاوایی مێسی لە ئارادا بووە. خۆرخێ ماس، هاوخاوەنی ئینتەر مەیامی دووپاتیدەکاتەوە، یانەکەی ئامادەیە ئاسانکاری بۆ رێکخستنی بۆنەکە بکات.
خۆرخێ ماس بەشداری لە پۆدکاستی ئۆفساید وز تایلەر تویڵمان کردووە و لەبارەی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا دەڵێت
نازانم یارییەکە دۆستانە دەبێت یاخود یارییەک دەبێت بۆ ماڵئاوایی، لە بارسێلۆنا جامێک هەیە بە ناوی گامبەر و لە وەرزی هاویندا بەڕێوەدەچێت. هیوادارین کاتێک کامپ نوی نوێ تەواو دەبێت، دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی مێسی بڕەخسێت و ماڵئاواییەکی جوان لە هاندەران بکات.
ماس لەبارەی گەڕانەوەی مێسی بە خواستن بۆ بارسا دەڵێت
مێسی بە خواستن ناچێتە بارسێلۆنا، هەرگیز روونادات. بەڵام مێسی شایەنی ماڵئاواییەکی جوان و رێکوپێکە. لە لای خۆمەوە هەموو هەوڵێک بۆ رێکخستنی بۆنەیەکی لەم جۆرە دەدەم.
لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، مێسی رەتیکردەوە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و ئۆفەرێکی زۆر گەورەی سعودییەکانیشی رەتکردەوە.