راپۆرت: قازانجە خەیاڵییەکەی ئینتەر مەیامی و مێسی لە گرێبەستە بلیمەتانەکەیان
یانەی ئینتەر مەیامی تەنها ئەفسانەیەکی زیندووی نێو یاریگای دەست نەکەوتووە کە دەتوانێت یاری بۆ یەکلابکاتەوە بەڵکو مێسی بووەتە ئامێرێکی چاپکردنی پارە بۆ ئەو یانەیە و خۆیشی.
لێرەدا سوودە داراییەکانی ئینتەر مەیامی و مێسی لە گرێبەستی نێوانیان دەخەینە روو:
کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
مێسی تەنها لە ئینستاگرام خاوەنی 480 ملیۆن فۆلۆوەرە، لەوکاتەوەی پەیوەندی بە ئینتەر مەیامییەوە کردووە ، یانەکە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە 11 ملیۆن فۆلۆوەری بۆ زیادبووە و ئەم ژمارەیە بەردەوام لە هەڵکشانێکی خێرادایە و خاوەنی 12 ملیۆن فۆلۆوەرە. ئەمە لە کاتێکدا بەر لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی مێسی تەنها یەک ملیۆن فۆلۆوەری هەبوو. ئێستا ئینتەر مەیامی بەتەنها لە کۆی 28 تیمی دیکەی خولی ئەمریکی زیاتر شوێنکەوتووی هەیە.
زۆری ژمارەی فۆلۆوەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە فرۆشی درێسی و بلیتی یاری و دۆزینەوەی سپۆنسەر.
هەروەها فۆلۆوەرەکانی خوودی مێسیش زیاد دەکات بەهۆی هاندەری تازە لە کیشوەرێک کە پێشتر چالاکی تێیدا نەبووە.
ئەپڵ تیڤی
سعوودیە زیاد لە یەک ملیار دۆلاری پێشکەشی مێسی کرد، ئینتەر مەیامی نەیدەتوانی رکابەری ئەو ئۆفەرە بکات بەڵام چارەسەرێکی داهێنەرەیان دۆزییەوە ئەویش هاوبەشی پێکردنی مێسی بوو لە پشکی بەشداری سەیری یارییەکانی خولەکە.
لەم دواییەدا کۆمپانیای ئەپڵ، مافی گواستنەوەی یارییەکانی خولی ئەمریکی بۆ 10 ساڵ کڕییەوە بەرامبەر بە 2.5 ملیار دۆلار. ئەو کۆمپانیایە بە پارە مافی سەیری یارییەکان دەفرۆشێتەوە بە تەواوی جیهان. ئەپڵ بە مێسی راگەیاند ئەگەر رازی بێت پەیوەندی بە ئینتەر مەیامییەوە بکات ئەوا خۆی و یانەکەی پشکییان دەبێت لە کڕینەوەی مافی سەیری یارییەکان لەلایەن هاندەرانەوە.
مێسی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەئاسانی دەتوانێت ملیۆنەها بەشداری بۆ ئەپڵ زیاد بکات و بەوەش چاوەڕواندەکرێت هەردوولا قازانجێکی خەیاڵی بکەن.
فرۆشی درێس
هاتنی مێسی بەشێوەیەکی شێتانە فرۆشی درێسی ئینتەر مەیامی بەرزکردووەتەوە. لیۆ ئەوکاتەی لە بارسا بوو ساڵانە زیاد لە دوو ملیۆن درێسی دەفرۆشرا.
نرخی درێسی فەرمی لیۆ 125 دۆلارە، ئەگەر ساڵانە تەنها 500 هەزاریش بفرۆشێت دەکاتە سەروو 62 ملیۆن دۆلار
لەو پارەیە لانیکەم 15٪ی راستەوخۆ بۆ ئینتەر مەیامییە.
زیادبوونی راستەوخۆی داهات
خۆرخی ماسی هاو خاوەنی ئینتەر مەیامی رایگەیاند ساڵی رابردوو ٥٦ ملیۆن دۆلار داهاتییان هەبوو لە بلیت و سەرچاوەی دیکە، وە چاوەڕواندەکرێت بە هاتنی مێسی بۆ زیاد لە دوو هێدە بەرز ببێتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای ئینتەر مەیامی
بەهای یانەی ئینتەر مەیامی لە 2022 دا 600 ملیۆن دۆلار بوو بەڵام چاوەڕواندەکرێت لە 2023 بگاتە سەروو 1.5 ملیار کە سێ هێندەی بەهای ئێستایەتی.
پشکی مێسی لە ئینتەر مەیامی
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، مێسی پشکی دەبێت لە سەرجەم ئەو داهاتە تازانەی بۆ ئینتەر مەیامی دێن. واتە لە کۆی قازانجی یانەکەدا مێسی تا ئەوکاتەی لەو یانەیە دەبێت پشکێکی قازانجەکەی بۆ خودی لیۆ دەبێت.
بەگوێرەی جۆ پۆمپلیانۆی شیکەرەوەی وەرزشی، چاوەڕواندەکرێت بە کۆی گشتی ئەو قازانجەی ساڵانە مێسی لە مەیامی دەیکات نزیک ببێتەوە لەو پارەیەی کە سعوودیە پێشکەشی کرد (600 ملیۆن بۆ هەر ساڵێک). هاوکات یانەکەشی قازانجێکی خەیاڵی دەکات.
بەوەش بە گرێبەستێکی بلیمەتانە سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان (مێسی، ئینتەر مەیامی، تۆپی پێی ئەمریکا و ئەپڵ) براوە بن.