
یاریگا –
ئۆدیۆن ئیگهالۆ، یاریزانی نایجێری هێرشێکی توندی کردە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەڵێت، تەنیا بە دوای پارە کەوتووە.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، رۆناڵدۆ ئەوروپای جێهێشت و پەیوەندی بە نەسری سعودییەوە کرد.
ئەستێرەی پۆرتوگالی یەکێکە لە خاوەن بەرزترین مووچەکانی خولی سعودی و بە گوێرەی راپۆرتەکان، هەفتانە بڕی 3.6 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.
ئیگهالۆ، کە پێشتر یاری بۆ یانەکانی هیلال و شەبابی سعودی کردووە، لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان بۆ خولی سعودی هاتەدەنگ و دەڵێت، یاریزانان بۆ پارە دەچنە سعودیە و هیچ حەزێکی تۆپی پێیان نییە و بەمشێوەیە قسەی OmaSportsTV کرد
کاتێک یاریزانێی گەنجیت، بەڵێ یاری بۆ خۆشی یارییەکە دەکەیت، زۆر گرنگی بە پارە نادەیت. بەڵام لە تەمەنی من کە رەنگە یەک دوو ساڵی دیکە یاری بکەم، هاوکێشەکە پێچەوانەیە. لە ژیانی خۆم بەردەوام یاریم بۆ خۆشی کردووە، بەڵام ئێستا یاری بۆ پارە دەکەم، من لەو جۆرە یاریزانانە نیم کە دێن دەڵێن ”لە خۆشەویستی یارییەکە لێرە”، نا براکەم، هەمووی پارەیە.
ئیگهالۆ پێشتر یاری بۆ مانچێستەر یونایتد و چەندین یانەی پرێمەرلیگ و سوپەر لیگی چینی کردووە، لەبارەی رۆناڵدۆ دەڵێت
ئایا رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا لە خۆشی یارییەکە بەردەوامە؟ رۆناڵدۆ 100 ئەوەندەی منی بەدەستهێناوە، بەڵام لە کۆتاییدا بۆ پارە چووە سعودیە، براکەم پێت دەڵێم، هەمووی پارەیە.
ریاز مەحرز و جۆردان هێندرسن، دوایین گواستنەوەکانی ئەستێرەکانی ئەوروپان بۆ سعودیە و هێشتا گواستنەوەی زیاتریش ماون.