رامۆس ئۆفەرەکانی سعودیە و ئەمریکا رەتدەکاتەوە
یاریگا
هێشتا سێرجیۆ رامۆس ئەستێرەی ئیسپانی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا داهاتووی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە و قسەیەکیش هەیە دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
رامۆس نزیک بوو لە پەیوەندی کردن بە یانەی ئەهلی سعودی، بەڵام داواکارییە داراییەکانی وایکرد لە سەرەتای ماوەی گواستنەوەی هاوینەی گرێبەستەکە پەکبخرێت و گواستنەوەکە سەری نەگرت و تاوەکو ئەم ساتەش بێ یانەیە.
ماڵپەری “diariogol” ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە ڕامۆس ئۆفەری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ هاتووە، بەڵام بژاردەی سەرەکی ئەو یاریکردنە لە خولی ئیسپانی و لەگەڵ سێڤییا یانەکەی پێشووی.
ئەو ماڵپەرە بڵاویش دەکاتەوە رامۆس ئامادەیە بۆ گەڕانەوە و پەیوەندی کردن بە یانەی سێڤییا لە مووچەکەی کەم بکاتەوە و چاوەڕێ هەنگاوی بەرپرسانی ئەو یانەیە دەکات.
ئۆفەری سعودیە بۆ رامۆس لە رووی داراییەوە بە باشترین شێوە ماوەتەوە، بەو پێیەی مووچەیەکی زیاتر وەردەگرێت لەوەی لە پاریس سان جێرمان هەیبوو، ئەمە جگە لەوەی لە خولێکدا یاری دەکات کە چەندین ئەستێرەی جیهانی هێناوەتە ئاراوە.