ئێمباپێ دەتوانێت چی بە ئۆفەرەکەی هیلال بکڕێت؟
یاریگا –
ئۆفەرەکەی هیلال بۆ کیلیان ئێمباپێ، مێرکاتۆی یاریزانانی هەژاندووە، چونکە هەرگیز ئۆفەری لەم شێوەیە وێنەی نەبووە.
هیلال ئامادەیە بڕی 776 ملیۆن دۆلار وەک مووچەی ساڵانە بداتە ئێمباپێ، جیا لەمەش بڕی 300 ملیۆن دۆلار وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بداتە پاریس سانجێرمان.
پاریس سانجێرمان بە ئۆفەرەکە رازیبووە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێمباپێیە، چونکە یانە فەرەنسییەکە بڕیاریداوە لەم مێرکاتۆیە، ئێمباپێ بفرۆشێت و وەک یەکەم هەنگاو، کیلیان لە لیستی یاریزانانی گەشتی ژاپۆن دوورخرایەوە.
ئێمباپێ دەتوانێت چی بەم پارەیە بکڕێت؟
دوور لە ژاوەژاوی ئێستای مێرکاتۆی یاریزانان، ئێمباپێ دەتوانێت ژیانی سەرتاسەری خۆی بە پارەی سعودییەکان بگۆڕێت. لەم بابەتە کۆمەڵێک بابەتی جیاواز دەخەینەڕوو، ئێمباپێ دەتوانێت چی بەم بڕە پارەیە بکڕێت؟
کۆشکی سپی
هەموومان دەزانین کۆشکی سپی بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام ئێمباپێ بەو پارەیە دەتوانێت کۆشکی سپی بکڕێت. پێگەی ئارکیتێکچوڕاڵ دایجێست بڵاویکردووەتەوە، شوێنی مانەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کۆشکی سپییە، نرخەکەی دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار.
جیا لە کڕینی کۆشکی سپی، دەتوانێت مووچەی ساڵێک و نیوێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدات !
کۆشکی بالمۆڕاڵ
ئەگەر ئێمباپێ شوێنێکی وەک کۆشکی سپی نەوێت، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ خێزانی شاهانەی بەریتانیا پێکبێت و لە شوێنی شا چارلس بمێنێتەوە و بیکاتە شوێنی هەمیشەیی خۆی.
CBC News پێشتر لە راپۆرتێکدا بەهای کۆشکی بالمۆڕاڵی بە 140 ملیۆن دۆلار خەمڵاندبوو.
گەشتکردن لە بۆشایی ئاسمان
ئێمباپێ بە پارەی هیلال چیدیکە بیر لە بەسەربردنی پشووەکانی لە مەیامی و ئیبیزا و بالی ناکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت لەگەڵ خانەوادەکەی گەشتی بۆشایی ئاسمان بکەن و شتێکی ناوازە تاقی بکەنەوە.
نرخی گەشتی یەک کەس بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی ئاسمانی دەگاتە 55 ملیۆن دۆلار. کوارتز بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ دەتوانێت باوک، دایک و براکانی لەگەڵ خۆی بباتە بۆشایی ئاسمان و کۆی گشتی تێچووەکەی دەگاتە 275 ملیۆن دۆلار.
جیا لە گەشتەکە، دەتوانێت کۆشکی سپیش بکڕێت.
کڕینی فڕۆکەی ناوازە
ئێمە لێرە باس لە کڕینی فڕۆکەی تایبەت ناکەین، چونکە ئێمباپێ بەم پارەیە دەتوانێت کۆمپانیایەکی گەورەی هێڵی ئاسمانی بکاتەوە.
پەیمانگای پایلۆت نرخی فڕۆکەی بازرگانی بە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار تاوەکو 200 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
ئێمباپێ دەتوانێت بە ئاسانی 7 فڕۆکەی زۆر باش بکڕێت و هەر فڕۆکەیەک لە کیشوەرێک بەکاربهێنێت.
ناوەی کۆمپانیاکەی جوان دەبێت؟ ئێمباپێ ئێروەیس یان ئێمباپێ ئێر !
دوورگەی تایبەت
ئێمباپێ دەتوانێت هەنگاوی گەورە لە ژیانی بنێت و ببێتە خاوەنی دوورگەیەک و رێگە نەدات بەبێ رەزامەندی خۆی، هیچ کەسێک پێی بخاتە سەر خاکەکەی.
پێگەی رۆب ریپۆرت روونیکردووەتەوە، دوورگەیەکی گەورە لە باهاماس هەیە کە رووبەرەکەی 286 کیلۆمەتر دووجایە و نرخەکەی 125 ملیۆن دۆلارە. دوورگەکە فڕگەی تایبەتی بۆ فڕۆکەکان هەیە.
بەم شێوەیە ئێمباپێ دەتوانێت کۆشکی سپی، کۆشکی بالمۆڕاڵ یاخود دوورگەکەی باهامس بکڕێت.