یاریگا و ئاتلێتیک –
لە سێ مێرکاتۆی رابردووی یاریزاناندا، بە هۆی سیاسەتێکی تایبەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ریال مەدرید قازانجێکی زۆری دارایی کرد، بەڵام لە وەرزی رابردوودا نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگی لەدەستدا، بۆیە رەنگە ئەمجارە لۆس بلانکۆس ناچار بێت سیاسەتەکەی بگۆڕێت.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا 142 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە، پشکی شێر بەر گواستنەوەی جود بێڵینگهام دەکەوێت، کە بە بڕی 103 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە یانە شاهانەکە کرد. ئاردا گولەر بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ لە فەنەرباچێ چووەتە مەدرید و هەردوو یاریزانی پێشووی ئەکادیمیای ریال مەدرید، فران گارسیا و خۆسێلو بە 5.5 ملیۆن یۆرۆ گوازراونەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی لالیگا لەم ژمارەیە نزیک نەبووەتەوە، بارسێلۆنا تەنیا 60 ملیۆن یۆرۆی لە پێناو گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکێ خەرج کردووە، ئەویش لە یەنایەری ساڵی داهاتوو پەیوەندی بە یانە کاتالۆنییەکەوە دەکات. ریال مەدرید بە زیاتر لە هەر 19 یانەکەی لالیگا پارەی خەرج کردووە.
دۆخی دارایی ئێستای ریال مەدرید چۆنە؟
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ریال مەدرید نییە، بەڵام ئامانجی تێباس ئەوەیە، مەدرید هیچ کێشەیەکی دارایی نەبێت و بتوانێت بە باشی ئیدارەی دۆخەکە بکات.
کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی بارسێلۆنا دەبێت و ئەمەش وایکرد، خوان لاپۆرتا بە بڕی 867 ملیۆن یۆرۆ پشکی یانەکە بفرۆشێت.
مەدرید بەرزترین بودجەی مووچەی لە وەرزی 2022,23 هەبوو. بە شێوەیەک 683.5 ملیۆن یۆرۆ ئێستا بۆ خەرجکردن ئامادەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ریال مەدرید خەرجییەکانی چۆن کۆنتڕۆڵ دەکات؟ بۆچی ناتوانێت هەوڵ لەگەڵ ئەستێرەی گەورەی دیکە بدات.
خۆسێ مانوێل سانچێز سانتۆس، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی لا کۆرونا دەڵێت
لەڕووی ژمارەوە، پێویست ناکات هاندەرانی ریال مەدرید هیچ دڵەڕاوکێیەکیان هەبێت، ریال مەدرید دەتوانێت لەم هاوینەدا، ئەستێرەی دیکە بگوازێتەوە، ریال مەدرید نزیکەی 50% دوورە لە سنووری بەرزی مووچەوە، واتە دەتوانێت جووڵەی زیاتر بکات و بێ ئەوەی ترسی لە دروستبوونی کێشەی دارایی هەبێت.
دابین کردنی یەک ملیار یۆرۆ بۆ دروستکردنی یاریگا چ کاریگەرییەکی لەسەر دارایی مەدرید هەیە؟
نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ خەونی لە مێژینەی پێرێزە، لە ساڵی 2004 بۆ یەکەمجار بڕی 30 ملیۆن یۆرۆی بۆ دروستکردنی بنمیچێکی نوێ دابین کرد هەر لە سەرەتاوە، خەونی پێرێز نوێکردنەوەی یاریگای بێرنابیۆ بوو.
ساڵ لە دوای ساڵ، کاری دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ بەردەوام بوون، چەندین شوێنیکی کەسایەتییە گرنگەکانی VIP زیاد کران، جیا لەمە، گرنگی زیاتر بە کاری بازرگانی و رێکلام کردن درا. ئەمە هەمووی لە درێژەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پێرێز بوون.
بە هۆی نەبوونی پارەی کاش، زۆرجار کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بێربابیۆ رادەگیران، بەڵام پێرێز سووربوو لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکەی.
لە ئۆکتۆبەری 2014، ریال مەدرید هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنانەکانی پێترۆلی نێودەوڵەتی IPIC کە کۆمپانیاییەکی گەورەی ئیماراتییە، واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکی دابین کردنی پارەی پێویست بوو بۆ نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ. بەڵام ئەم پڕۆژەیە سەری نەگرت و لە نۆڤێمبەری ساڵی 2017 بە هۆی کێشەی داراییەوە، کۆمپانیا ئیماراتییەکە کشایەوە و دواتر کۆمپانیای موبادەلە شوێنی گرتەوە. کۆمپانیای موبادەلە لەلایەن خەلدوون موبارەک، سەرۆکی مانچێستەر سیتییەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە سێپتێمبەری 2018, پێرێز لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ریال مەدرید، توانی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستبهێنێت و بڕی 575 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەواو کردنی پڕۆژەکە دەستنیشان کرد. لە ئەپریلی 2019، مەدرید بڕە پارەی تەرخانکراوی بە قەرز لە کۆمپانیای کی کاپیتاڵ ‘Key Capital’ وەرگرت و دەستی بە پڕۆژەکە کرد.
سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە قازانجی ریال مەدرید بوو، بە شێوەیەک یارییەکانی گواستەوە بۆ یاریگای دووەمی یانەکە و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی خێراتر کرد.
بەڵام دواتر دەرکەوت، کە بڕی پارەی تەرخان کراوە کە 575 ملیۆن یۆرۆیە، ناتوانێت پڕۆژەکەی پێ تەواو بکرێت، بۆیە لە نۆڤێمبەری 2021 ریال مەدرید ناچار بوو بڕی 225 ملیۆن یۆرۆی دیکە قەرز بکات. ئەمەش هەمووی کاریگەری لەسەر داهاتووی دارایی یانەکە دەبێت.
مەدرید پێویستی بە پارەی زیاترە تاوەکو کارەکانی خێراتر بکات، چونکە پەیاتی کۆرۆنا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دارایی یانەکە دروست کرد. لۆس بلانکۆس لە ماوەی پەتای کۆرۆنا نزیکەی 400 ملیۆن یۆرۆی وەک زیان لە دەفتەرە داراییەکانی نووسیەوە.
ئێستا ریال مەدرید لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە پارەی بۆ نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ تەرخان کردووە. پێرێز لە 2017 لەگەڵ کۆمپانیای پڕۆڤیدێنسی ئەمریکی بۆ پشکی تایبەت رێکەوت و بڕی 200 ملیۆن یۆرۆی لە بەرامبەر وەرگرتنی قازانج لە سپۆنسەری کردنی یاریگاکە وەرگرت. لە ساڵی 2021 ریال مەدرید جارێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکە کرد و بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی دیکەی وەرگرت، گرێبەستی نێوانیان تاوەکو 2027 بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەی دووەمی پارەدار کردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بێرنابیۆ لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنەرانی Sixth Street دابین دەکرێت. کۆمپانیا ئەمریکییەکە بڕی 360 ملیۆن یۆرۆی بۆ پێرێز دابین کردووە. لە بەرامبەر کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە 30%ی قازانجی بێرنابیۆ بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو دەبێت.
مەدرید تەواوی پارەکەی بە کاش وەرگرتووە، واتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و ریال مەدرید دەبێ قازانجی خۆی لەگەڵ ئەمریکییەکان دابەش بکات.
گواستنەوەکانی ئەم دواییە کاریگەری لەسەر گرێبەستی نوێ دەبێت؟
سیاسەتی گواستنەوەکانی ریال مەدرید لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر ژیرانە بووە، ئەمەش بەراورد بەو ملیۆنەها دۆلارە لە ویلایەتی یەکەمی پێرێز بۆ دروستکردنی گالاکتیۆس خەرج کرابوو.
تەنیا لە ساڵی 2019 نەبێت، کاتێک ریال مەدرید بڕی 350 ملیۆن یۆرۆی خەرج کرد، نیوە ئەو پارەیە بۆ گواستنەوەی ئیدێن هازارد و لوکا یۆڤیچ خەرج کرا، هەردووکیان شکستێکی گەورەیان لە ریال مەدرید هێنا. بەڵام کاتێک گرێبەست لەگەڵ گارێس بەیڵ و جەیمس رۆدریگێز واژۆ کرا، ریال مەدرید لە بەرامبەردا دەستبەرداری مەسعود ئۆزێل و ئانجێل دی ماریا بوو. ئەمەش بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان خەرجی و داهاتەکانی یانەکەدا بوو.
ریال مەدرید چەندین ئەستێرەی بەبێ بەرامبەر گواستووەتەوە، بۆ نموونە تیبۆ کۆرتوا، دەیڤد ئالابا و ئانتۆنیۆ رۆدیگەر، جیا لەمەش وەبەرهێنانی گەورەی لە گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و ئێدواردۆ کاماڤینگا کردووە، بەڵام ئێستا نرخی ئەم یاریزانانە سێ بەرامبەرە.
بەشێکی زۆری پێکهاتەی سەردەمی 10 ساڵی رابردوو یانەکەیان جێهێشتووە لەوانە، کریستیانۆ رۆناد، رۆدریگێز، سێرجیۆ رامۆس، بەیڵ، ئیسکۆ، مارسێلۆ و لەم هاوینەدا هازارد و کەریم بێنزێماش ریزەکانی لۆس بلانکۆسیان جێهێشت.
ریال مەدرید بە شێوەیەکی بەردەوام ئەستێرە لاوەکانی فرۆشتووە، بۆ ئەوەی رێگە لە داهات نەگرێت، بۆ نموونە لە چەند ساڵی رابردوودا رێگەی بە چوونە دەرەوەی چەندین ئەستێرە داوە، لەوانە ماتیۆ کۆڤاسیچ، مارکۆس یۆرێنتی، تیۆ هێرناندێز، ئەشرەف حەکیمی، سێرجیۆ ریگۆلیۆن، مارتن ئۆدیگارد و بۆرخا مایۆرال.
جیا لەمەش، ریال مەدرید رێگەی بە چوونە دەرەوەی چەند یاریزانێکی بەتەمەنی وەک کاسێمیرۆ و رافایێل ڤاران دا، لە شوێنی ئەوان یاریزانی لاوی وەک ئۆرێلیەن چوامینی گواستەوە، بە مووچەی کەمتر. بۆیە ریال مەدرید بە تەواوی کۆنتڕۆڵی خەرجی و داهاتەکانی کردووە.
باشە، ریال مەدرید ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ کردووە؟
هەمووان لە بێرنابیۆ دەزانن، ئێمباپێ ئامانجی لە مێژینەی پێرێزە و تەنانەت لە ساڵی 2017، بەردەوام پێرێز هەوڵی گواستنەوەی ئێمباپێی داوە.
لەو کاتەوە هەموو ساڵێک پارەیەکی تایبەت لە داهاتەکان جیا دەکرایەوە، وا لێکدەدرێتەوە کە ریال مەدرید ئەو پارەیەی بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ جیا دەکاتەوە.
بەڵام ئێمباپێ بەردەوام ریال مەدریدی رەتدەکردەوە و هەر لە سەرەتاوە ریال مەدریدی هەڵنەبژارد و پەیوەندی بە مۆناکۆ کرد و لە مێرکاتۆی ساڵی رابردووشدا، هەموو شتێکی لەگەڵ ریال مەدرید بڕاندبووەوە، کەچی هەر لە پاریس مایەوە و پارەیەکی زۆری بۆ خۆی کۆکردەوە.
بەڵام بە واتایەکی دیکە لێکیبدەینەوە، ریال مەدرید ئەو پارەیەی جیادەکردەوە، ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە، بگرە رێژەکەی زیاتر بووە. مانەوەی ئێمباپێ لە پاریس لە قازانجی ریال مەدرید بوو، چونکە پارەی زیاتری کۆکردەوە.
پڕۆژەی بێرنابیۆ کاریگەری لەسەر گواستنەوەکانی داهاتوو دەبێت (ئێمباپێ)؟
ریال مەدرید بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ جیاوازە لە بودجەی گواستنەوەی یاریزانان.
یاریگا نوێیەکە ساڵانە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ داهاتی یانە زیاد دەکات، ئەمە پێشبینی پێرێزە و رەنگە ئەم بڕە پارەیەش کەمتر بێت.
ریال مەدرید هاوشێوەی یانەکانی دیکە، کاتێک پڕۆژەی فراوانکردن یاخود نۆژەنکردنەوەی یاریگاکان دادەڕێژن، پێویستە پارە قەرز بکەن، ئەمەش وا دەکات، ساڵانە قەرزەکە بدەنەوە بە بڕێک قازانج بۆ ئەو لایەنەی قەرزەکەی پێداون. ریال مەدرید بڕی 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ یاریگای نوێ خەرجکردووە، ساڵانە دەبێت 40 ملیۆن یۆرۆ بداتەوە بانکەکان و تاوەکو ساڵی 2049 تەواوی قەرزەکان بداتەوە. ئەمە کێشەیەکی گەورە نییە بۆ مەدرید، چونکە رێژەی سووی بانکییەکە لە %2 تێناپەڕێت.
ئایا ریال مەدرید دەتوانێت ئێمباپێ بگوازێتەوە؟
بەڵێ، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت و لالیگاش پەسندی دەکات. سەرنجی تەواوی مەدرید لەسەر ئێمباپێیە تەنانەت لە هاوینی رابردوو، ریال مەدرید لە توانایدا بوو ئێرلینگ هالاند بگوازێتەوە، بەڵام بە هۆی ئێمباپێیەوە، سەرنجی لەسەر ئەستێرە نەرویجییەکە نەبوو.
ئامانجی پێرێز لە گواستنەوەی ئێمباپێ زۆر روونە، دەیەوێت لەسەر ئاستی هونەر، ریال مەدرید بەهێزتر بکات و بتوانێت نازناوی زیاتر بەدەستبهێنێت، لە لایەکی دیکەوە، ئێمباپێ دەتوانێت سەرنجی سپۆنسەری زیاتر رابکێشێت و قازانجی زیاتر بکات.
داواکارییەکانی ئێمباپێ زۆر روون و ئاشکران، دەیەوێت 130 ملیۆن یۆرۆ وەک شیرینی گرێبەستەکە وەربگرێت و مووچەی ساڵانەی لە 26 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نێبێت. جیا لەمەش، ئێمباپێ داوای تەواوی داهاتی وێنە و ڤیدیۆکانی خۆی دەکات.
دەستەی کارگێڕی مەدرید بەم داواکاریانەی کیلیان رازی نابن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر گواستنەوەی بۆ بێرنابیۆ، بەڵام بە دوای کاتی زیاتر و گفتوگۆی زیاتر کەوتوون.
دۆخی دارایی ریال مەدرید لە 12 مانگی رابردوودا وەک خۆیەتی، تاوەکو 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ، باڵانسی پارەی کاشی ریال مەدرید 128 ملیۆن یۆرۆ بوو. جیا لەمەش، ریال مەدرید توانای راکێشانی 265 ملیۆن یۆرۆی لە بانکەکان هەیە.
ریال مەدرید وا هەست دەکات، دۆخی دارایی ئێستای باشترە لە ساڵی رابردوو، هەستێکی گشتی لە ئارادایە و متمانەیان بە خۆیانە، توانای پەلکێشکردنی کیلیانیان هەیە.
سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی جود بێڵینگهامدا، کەچی هێشتا ریال مەدرید توانای خەرج کردنی پارەی زیاتری هەیە. بە گوێرەی دوایین راپۆرتەکان، ریال مەدرید هێشتا توانای خەرج کردنی بڕی 300 ملیۆن یۆرۆی هەیە لەم مێرکاتۆیەدا، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی دروست بکات.
ریال هیچ کێشەیەکی لە پێدانی مووچەیەکی زۆری بە ئێمباپێ نابێت، چونکە چوونە دەرەوەی بێنزێما، هازارد، مارکۆ ئاسێنسیۆ، ماریانۆ دیاز و خێسوس ڤایێخۆ مووچەی گشتی یاریزانانی ریال مەدریدی بە 50 ملیۆن یۆرۆ کەم کردەوە.
هەڵوێستی کۆتایی ریال مەدرید و ئەم مێرکاتۆیە چییە؟
بە گوێرەی ئەو داتایانەی بەردەستن، هیچ بەربەستێک لە بەردەم ریال مەدرید نییە، تاوەکو ئێمباپێ لەم هاوینەدا بگوازێتەوە، تەنیا دەبێ بڕیار بدەن و بچنە پێش.
پێشبینی دروستبوونی هیچ کێشەیەک لە تۆمارکردنی ناوی ئێمباپێ لە لالیگای وەرزی داهاتوو ناکرێت. هەرچەندە ریال مەدرید و بارسێلۆنا تاکە دوو یانەن لە نێو پڕۆژەی سوپەرلیگدا ماونەتەوە، کێشەی یاساییان لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە، بەڵام پێناچێت لە چامپیۆنزلیگ، هیچ کێشەیەک بۆ ئێمباپێ دروست ببێت.
پێرێز کەسایەتییە بەهێزەکەی پڕۆژەی سوپەرلیگە و بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی. ریال مەدرید گەشبینە لە کۆتاییدا پڕۆژەی سوپەرلیگ سەردەگرێت و سەدان ملیۆن یۆرۆ بۆ گەنجینەی یانەکە زیاد دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا.
پێشبینی ناکرێت ئەم جۆرە شەڕە یاساییانە بەمزووانە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت بەلای مەدریدییەکان، پەلکێش کردنی ئێمباپێییە بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی دارایی بۆ دروست ببێت.