گواردیۆلا لە ئاستی هاڵاند رازی نییە
یاریگا –
پیپ گواردیۆلا پێی وایە ئێرلینگ هاڵاند دوورە لە ئاستی باشترین فۆڕمی خۆی.
ئێرلینگ هاڵاند خۆی ئامادە دەکات بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردنی گۆڵ لە وەرزی نوێدا.
یاریزانە نەرویجییەکە تەنانەت دوای گەڕانەوەی لە پشووش پشوو نادات و لە یەکەم رۆژی وەرزی نوێوە خواستی خۆی نیشانداوە. ئەمەی لە یەکەم یاری دۆستانەی تیپەکەی بەرامبەر یۆکۆهامای ژاپۆنی نیشان دا.
لە گێمی دووەمدا هاڵاند وەک یاریزانی یەدەگ هاتە ناو یاریگا و تەنها پێویستی بە دوو هەنگاو بوو بۆ ئەوەی لەم یارییەدا دوو گۆڵ تۆمار بکات.
گواردیۆلا پێی وایە هالاند لە ئاستێکی باشتردایە بە بەراورد بە کۆتایی وەرزی رابردوو لەنوێترین لێدوانی بۆ میدیاکان رایگەیاند:
هێشتا لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە. بەڵام باشترە لە وەرزی رابردوو. هاوشێوەی یاریزانەکانی تر، گرنگترین شت بۆ هاڵاند گۆڵ تۆمارکردنە، چونکە لە دوایین یارییەکانی وەرزی رابردوودا لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوو. ئێمە هاڵاند دەناسین و دوای چەند هەفتەیەکی تر دۆخێکی باشترمان دەبێت لەگەڵیدا.
هاڵاند وەرزی رابردوو 52 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار کرد. لەنێویاندا 36 گۆڵ لە پریمەرلیگ. ئەم ژمارە گۆڵە وای لێکرد ریکۆردی زۆرترین گۆڵ تۆمار بکات لە وەرزێکدا لە خولی نایانی ئینگلتەرا.