ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتفه‌ره‌نساگرنگترین

تەواوی وردەکارییەکان.. بۆچی پاریس دەیەوێت ئێمباپێ بفرۆشێت و کڕیارەکان کێن؟

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

چارەنووسی کیلیان ئێمباپێ، گەرمترین بابەتی مێرکاتۆی ئەم هاوینەیە و ئێستا هاوکێشەکە بە تەواوی ئاڵۆز بووە، پاریس سانجێرمان یەکلاییکردەوە، ئەستێرە فەرەنسییەکە بۆ فرۆشتنە.

پاریس سانجێرمان رێگەی نەدا ئێمباپێ لەگەڵ شاندەکەی گەشتی ژاپۆن بکات، پێشبینی دەکرێت ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. ئەگەر لەم هاوینەشدا نەبێت، ئەوا لە هاوینی داهاتوو دەبێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکانی دۆخی ئێستای ئێمباپێ دەخاتەڕوو، بە شێوەیەک لەم بابەتەدا وەڵامی چەندین پرسیاری وەک

  • بۆچی دۆخەکە گەیشتووەتە ئەم ئاستە؟
  • بۆچی پاریس سانجێرمان تووڕەیە؟
  • کێ رکابەری ریال مەدرید دەکات؟
  • لە چەند رۆژی داهاتوودا چی روودەدات؟

بۆچی پاریس سانجێرمان، ئێمباپێی نەبردە ژاپۆن؟

پاریس سانجێرمان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ چووەتە ژاپۆن و لیستی یاریزانان ناوی ئێمباپێی تێدا نییە. بەڵکو لە جیاتی ئەمە، ئێمباپێ خراوەتە لیستی فرۆشی یانەکە.

ئێستا رەنگە تۆ پرسیاری ئەوە بکەیت، بۆچی ناوی یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان لە لیستەکەدا نییە؟ ئەمە بە هۆی چیرۆکی گواستنەوە و مانەوەی کیلیانە لە پاریس. چونکە دۆخەکە بە شێوەیەک گرژ بووە، سەرانی پاریس ناچاربوون بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئێمباپێ بکەن.

پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، کیلیان لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتووە و هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد، پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە دەکات، لێرەشدا پاریس تووڕە بووە و نایەوێت بە خۆڕایی دەستبەرداری کیلیان ببێت.

لە هاوینی رابردوودا، ئێمباپێ گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ نوێکردەوە و مەرجی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 تەنیا لە دەسەڵاتی کاپتنی فەرەنسایە. بەڵام مانگی رابردوو ئێمباپێ پەیامێکی روونی بۆ دەستەی کارگێڕی پاریس نارد و پێی گوتن، گرێبەستەکەم درێژ ناکەمەوە و لە هاوینی داهاتوودا یانەکە جێدەهێڵم.

لە وەڵامی ئەو پەیامی ئێمباپێدا، پاریس سانجێرمان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەی وەک دوا وادە داوەتە ئێمباپێ، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی خۆی بدات، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، ئەوا دەیخەنە لیستی فرۆشتنی ئەم مێرکاتۆیە.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ و ناسر خلێفی لە ساتی ئاشکراکردنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کیلیان تاوەکو 2025

ئەمە رێگەیەکی پاریسە بۆ ئەوەی ئێمباپێ ناچار بکات؟

پاریس سانجێرمان زۆر ئارامی گرت و نەیدەویست دۆخەکە بەمەی ئێستا بگات، بەڵام لە کۆتاییدا یانە فەرەنسییەکە نایەوێت بەبێ بەرامبەر رێگە بە چوونە دەرەوەی ئێمباپێ بدات. پاریس تەنیا دوو بژاردەی لە بەرامبەر ئێمباپێ هەیە. لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە بە بڕە پارەیەک بگوازرێتەوە، یاخود گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە هاوینی داهاتوو بە بڕە پارەیەک یانە پاریسییەکە جێبهێڵێت.

ئەگەر لەڕووی داراییەوە سەیری بابەتەکە بکەیت، ئەگەر ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر پاریس جێبهێڵێت، ئەوا بە گورزێکی کوشندە دادەندرێت.

گرێبەستی ئێمباپێ یەکێکە لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترینەکانی جیهان، هەربۆیە وەبەرهێنەرانی یانەکە چاویان لە قازانجێکی زۆرە. ئەگەر بابەتێکی لەم شێوەیە رووبدات، ئەوا کاریگەرییەکی زۆر لەسەر دارایی یانەکە دروست دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، پاریس سانجێرمان دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت، ئەو قسانەی دەیکەن، جێبەجێی دەکەن و رێگە نادەن هیچ یاریزانێک خۆی لە یانەکە گەورەتر ببینێت. پاریس ئەزموونێکی نوێی لەگەڵ ئەستێرەیەکی گەورە تاقی کردەوە، کاتێک لیۆنێل مێسی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، سەردانی سعودیەی کرد و بووە هۆکاری دروستبوونی گرژی لە نێوان مێسی و بەرپرسانی یانەکە و دواتر پاریس مێسی سزادا و لە سزاکەی پەشیمان بووەوە.

کێ دەسەڵاتی زیاترە؟

راستییەک هەیە دەبێ بگوترێت، پاریس سانجێرمان بڕیارێکی بوێرانەیدا، کاتێک ئێمباپێی لە لیستی یاریزانانی گەشتکردوو بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور دوورخستەوە، بەڵام لێرە ئێمباپێ کاردەکانی بەدەستەوەیە. گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەر دەچێت و پاریس بڕیاری کۆتایی داوەتە دەست ئەستێرە فەرەنسییەکە، تاوەکو گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 نوێ بکاتەوە، ئەمەش لە لاوازی یانە پاریسییەکە بووە، کاتێک گرێبەستەکەی نوێ کردووەتەوە، یاخود هەڵە لە خوێندنەوەی واقعی دۆخەکە بووە.

بژاردەیەکی دیکە هەیە، پاریس سانجێرمان دەتوانێت کیلیان بخاتە لیستی یاریزانانی یەدەک و بەشداری پێ نەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر شکۆی ئێمباپێ دەبێت، ئەگەر ئێمباپێ بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانەیەکەوە بکات، رەنگە پاریس چەندین بەڵگە لەسەر کێشە داراییەکانی کیلیان بڵاوبکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر شکۆی ئێمباپێ لە دەرەوەی یاریگا دروست دەکات.

مەترسی و ریسکەکان بۆ ئێمباپێ چین؟

بە دڵنیاییەوە چەندین ریسک لە رێگەی ئێمباپێدا هەن. هاندەرانی پاریس چیدیکە نازی هەڵناگرن و رەنگە بە خێرایی لە دروشمەکانی خۆیانی دەربهێنن. ئەڵتراسی یانە فەرەنسییەکە زۆر توڕەن و بە ئاسانی نابوورن.

ریسکێکی دیکە ئەوەیە، ئەگەر ئێمباپێ بمێنێتەوە، رەنگە زۆر کەم بەشداری پێبکرێت، ئەمەش دەبێتە خاڵێکی زۆر نەرێنی بۆ کیلیان و کاریگەری لەسەر میراتی کیلیان لە یانەکە دروست دەکات، چونکە هەرچی نەبێت، گۆڵکاری مێژوویی پاریسە و شکۆی لەق دەبێت.

پێشتر بەردەوام باسی لە شکاندنی ریکۆردەکانی پاریس دەکرد، لە وەرزی رابردوودا توانی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە و ئەگەر پاریس رێگری لە یاری کردنی بکات، ئەوا تواناکانی بۆ شکاندنی ریکۆردی زیاتر، زۆر سنووردار دەبن.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ ئەڵتراسی یانەکە لە یاریگای پارک دۆ پرێنس

بۆچی پاریس زۆر تووڕەیە؟

رەنگە هەستێکی ‘دێژا ڤوو’ لە کەیسی نێوان پاریس سانجێرمان و ئێمباپێدا هەبێت، چونکە بە درێژایی سێ هاوینی رابردوودا، بەردەوام باس لە گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکرا، بەڵام پێدەچێت ئەم هاوینە زۆر جیاواز بێت و شتی نوێ بێنە ئاراوە.

لە لایەکی دیکەوە، پاریس دەیەوێت سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات و چیرۆکی ئێمباپێ زۆر کاریگەری لەسەر دروستکردنی ئەو رێچکەیە دروست کردووە. پاریس زۆر لە ئێمباپێ نیگەرانە، چونکە لە حەوت ساڵی رابردوودا هەموو کارێکیان بۆ ئێمباپێ کرد و ئێستا کیلیان دەیەوێت بێ بەرامبەر یانە پاریسییەکە جێبهێڵێت، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆر دروستکردووە و وەک خیانەتێکی گەورە سەیری دەکەن.

ئایا گرنگییەکانی ریال مەدرید راستەقینەن؟

ریال مەدرید لە هەڵەکانی پێشوو فێربووە، بە تایبەت لە هەڵەکانی هاوینی رابردوو، چونکە کیلیان و ریال مەدرید لەسەر هەموو بابەتەکان رێککەوتبوون، لەوانە نرخی گرێبەستەکە گەیشتبووە 130 ملیۆن یۆرۆ جگە لە شیرینییەکان، هەروەها مووچێی ساڵانەی دەبووە 26 ملیۆن یۆرۆ و مافی وێنەی بە تەواوی لەدەست کیلیان دەبوو. بەڵام لە کۆتاییدا ئێمباپێ گرێبەستەکەی نوێکردەوە.

لەبەر ئەم هۆکارانەیە ریال مەدرید بەردەوام ناوی بە کەیسەکە بەستراوەتەوە. هەڵوێستی فەرمی ریال مەدرید زۆر روونە، هیچ ئۆفەرێکی فەرمیان ئامادە نەکردووە و تەنانەت بابەتەکەشیان باس نەکردووە، بەڵام لە پشتی پەردەوە، ریال مەدرید هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ دەدات.

پێشتر پێگەی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، ریال مەدرید هەرگیز گرێبەستی ئێمباپێی دانەخستووە، هەرکاتێک ئەگەری گواستنەوەی هەبێت، ئەوا راستەوخۆ دەچنە پێش و گرێبەستەکەی دەخەنە بەردەست.

وەک پێشتر باسم کرد، ریال مەدرید لە هەڵەکانی پێشووی فێربووە و پێدەچێت زۆر متمانە بە قسەکانی ئێمباپێ نەکەن، تەنانەت متمانەیان بە پاریسیش نییە. لە ریال مەدرید بیروبۆچونێکی روون هەیە، بە دووری نازانن جارێکی دیکە ئێمباپێ و پاریس لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رێکبکەون.

ریال مەدرید باش دەیزانی، رۆژێک لە رۆژان پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و سەرۆکایەتی یانەی پاریس تێکدەچێت. چونکە پێیان وایە یانە پاریسییەکە دەسەڵاتی زۆریان داوەتە کیلیان و ئەمەش بە هەڵەیەکی زەق دادەنێن. ریال مەدرید هەرگیز ئامادەنییە ئەم جۆرە گرێبەستە لەگەڵ هیچ یاریزانێکدا بکات، رەنگە ئەمەش هۆکاری دوو دڵییەکەی ئێمباپێ بێت بۆ لۆس بلانکۆس.

کیلیان ئێمباپێ
ئاهەنگگێڕانی ئێمباپێ لە دوای گۆڵەکەی لە بەرامبەر ریال مەدرید

کام یانەی دیکە دەتوانن ئێمباپێ بگوازنەوە؟

بابەتەکە بەمشێوەیەیە، هەر یانەیەک بە کاشێکی زۆرەوە بێتە نێو بازاڕەکە، دەتوانێت ببێتە رکابەر لەسەر بەدەستهێنانی واژۆی ئێمباپێ، بەڵام هەر یانەیەک بێت، پێویستە ئێمباپێ بکاتە خاوەن بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەوروپا. جیا لەمەش ئێمباپێ داوای شیرینی گرێبەست دەکات، شیرینییەکەش دەیان ملیۆنییە.

پێشتر ناوی لیڤەرپوول بە ئەستێرە فەرەنسییەکە بەسترابووەوە، بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە یانە ئینگلیزییەکە بتوانێت بەرگەی داواکارییەکانی کیلیان بگرێت.

پاریس دەزانێت ئێمباپێ لەم قۆناخەدا چاوی لە پایتەختی مەدریدە و نایەوێت بۆ هیچ یانەیەکی دیکە یاری بکات، هەربۆیە لە ئێستاوە نرخی ئێمباپێی دەستنیشان کردووە و ئامادەیە بە بڕی 160 ملیۆن یۆرۆ، رێگە بەچوونە دەرەوەی بدات.

بیرۆکەیەکی دیکەش هەیە، یانەیەکی سعودی دەیەوێت بۆ ماوەی تەنیا یەک وەرز گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ واژۆ بکات، وەک رێگەیەک بۆ چوونە دەرەوەی کیلیان لە پاریس. دواتر لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئێمباپێ لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا، پارەیەکی خەیاڵی دەستدەکەوێت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئێستا، زۆر ئەستەمە ئێمباپێ بیەوێت لە تۆپی پێی ئەوروپا دووربکەوێتەوە.

لە چەند رۆژی داهاتوودا چی روودەدات؟

دوا وادەی پاریس سانجێرمان بۆ ئێمباپێ، 31ی ئەم مانگەیە، کاتێک بەندی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ تاوەکو 2025 لەگەڵ پاریس بەسەردەچێت، ئەمەش وا دەکات، ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر پاریس جێبهێڵێت.

لەم دۆخەی ئێستادا، ژمارەی بژاردەکانی پاریس زۆر سنووردارن، چونکە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک فشار لە ئێمباپێ بکات. بەڵام هەنگاو بە هەنگاو خەریکە مامەڵە لەگەڵ کیلیان دەکات، سەرەتا رێگەی نەدا گەشتی ژاپۆن بکات، رەنگە هەنگاوی داهاتوویان دانانی ئێمباپێ بێت لەسەر کورسی یەدەک.

 

ئێستا هاوکێشەکە زۆر ئاڵۆز بووە و هەموو چاوەکان لەسەر ئێمباپێن، چۆن وەڵامی پاریس سانجێرمان دەداتەوە، ئایا وەڵامی دەبێت، یاخود بێ دەنگی دەنوێنێت و چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی پاریس دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button