ئاندرێ ئۆنانا ماڵئاوایی لە ئینتەر میلان كرد
یاریگا –
ئاندرێ ئۆنانای كامیرۆنی و گۆڵپارێزی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی پەیامێكی ماڵئاوایی ئاڕاستەی هاندەرانی یانەكەی كرد.
گۆڵپارێزە كامیرۆنیەكە ریزەكانی ئینتەر میلان جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە دەكات.
André Onana says goodbye to Inter fans and finally announces his move to Man United. 🔴✨ #MUFC pic.twitter.com/ecUPNt2eTY
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) July 20, 2023
ئۆنانا پەیامێكی ماڵئاوایی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوكردەوە و تێیدا نووسیویەتی:
هەرگیز بە بڕوام نەدەكرد ماڵئاواییکردن ئەوەندە قورس بێت، ساڵێک لەمەوبەر بووم بە نێرازۆری، زۆر کەس پێیان دەگوتم شتێکی تایبەت لەم یانەیە و ئەم شارەدا هەیە، ئێستا دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە، لە رۆژانی سەرەتایی وەک نێرازوریەك دەمزانی ئەمە وەك خێزانە، هاندەری ئینتەرمیلانیش شێوازێک بوو بۆ تێگەیشتن لە ژیان.
بەردەوام بوو ووتی: عاشقی سان سیرۆ لا کۆرڤا و شارەکە بووم، ئێستا مەرجەکان گونجاون بۆ ئەوەی گەشتێکی نوێ لە مانچێستەر دەست پێ بکەم، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەوە دەکەم، بەڵام دەزانم كە بیری دەكەم، سوپاس و پێزانینی هەمیشەیی بۆ هەموو خێزانی ئینتەرمیلان، ئێوە ئەم یانەیە گەورەتر دەکەن.
لە كۆتایی پەیامە ماڵئاواییەكەشدا ووتی: رەنگە رۆژێك لە رۆژان جارێكی دیكە رێگاكەمان یەكبگرێتەوە، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە كە ئاڵنگارییەكی نوێ تاقی بكەینەوە، بەڵام ئەم یانەیە هەمیشە وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئینتەر میلان لە سەروو هەموو شتێك و هەموو كەسێكەوەیە.
گۆڵپارێزە كامیرۆنییەكە لەگەڵ ئینتەر میلان بەشداری لە 41 یاریدا كرد و 36 گۆڵی لێكرا و 19 یاری تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە.