پەیامێکی توند لە ناسر خلێفییەوە بۆ کیلیان ئێمباپێ
یاریگا –
ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان هۆشدارییەکی توند دەداتە یاریزانانی یانەکەی.
لە دوای دەرچوونی لیۆنێل مێسی، پێشبینی دەکرێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، کیلیان ئێمباپێ ریزی شازادەکانی پاریس جێبهێڵێت. لە ماوەی رابردوودا زۆر باس لە گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بابەتەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و ئێمباپێ بەشداری مەشقەکانی پاریسی کرد.
ناسر خلێفی لە دوای یەکەم یەکەی مەشقی یانەکە، لەگەڵ یاریزانان کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندوون
زۆر گرنگە شتێکتان پێ بڵێم، راهێنەر دەسەڵاتی تەواوی هەیە و ئەو کارە دەکات کە بە دڵی خۆیەتی و خۆی بڕیار دەدات. پێویستە هەمووان بە یەکەوە لەسەر هەمان رێچکە بچین و شانازی یاریکردن لەم یانەیە، پۆشینی درێسی پاریس پیشان بدەین.
خلێفی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت
ئەم یانەیە لە هەموو کەسێکی ئامادەبوو لێرە گەورەترە، تەنانەت لە منیش. چاوەڕێم لە مەشقەکاندا 200%ی تواناکانتان پیشان بدەن. ئێوە باشترین سەنتەری مەشقتان لە جیهاندا هەیە. هەموو شتێکتان هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن. هیچ بیانووێک نییە، چونکە لە هیچتان کەم نییە. پێویستە زۆر خۆتان ماندوو بکەن.
پەیامەکەی ناسر خلێفی زۆر توندە بۆ یاریزانان و ستافی یانە پاریسییەکە، ئەمەش دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانیان لە چامپیۆنزلیگ. ئێستا هەست بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی گواستنەوەی یاریزانان دەکرێت. چونکە پاریس لە ناوە گەورەکان دوورکەوتووەتەوە و خەریکە یاریزانی لاو و زۆر نەناسراو دەگوازێتەوە ریزەکانی.
پاریس سانجێرمان لە دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، یەکەم یاری وەرزی نوێ لە 13ی مانگی داهاتوو لە بەرامبەر لۆریان دەکات.