پاریس ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەی ئێمباپێ دەکات

یاریگا
وادیارە لە پاریس هەمووان بێ ئومێد بوینە لە مانەوەی کلیان ئێمباپێ، بۆیە هەموو ئامادەکاریەک دەکرێت بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەی ئەو یاریزانە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی RMC Sport پاریس سانجێرمان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گواستنەوەی هاری کەین بۆ وەکو شوێنگرەوەی هێرشبەرەکەیاین، تەنانەت ئەگەر گواستنەوەکەش ئاسانیش نەبێت و تێچویەکی زۆری بوێت.
بژاردەی یەکەمی پاریسییەکان بۆ هێڵی هێرشبەری هاری کەینە و سەرجەم ئەندامانی یانەکە هەوڵی ئەم گواستنەوەیە دەدەن، هەفتەی ڕابردوو بەشێک لە نوێنەرانی پاریس سانجێرمان لەگەڵ دانیال لیڤی و کەسوکاری هێرشبەرە ئینگلیزییەکە لە لەندەن کۆبوونەوە.
کێشەی سەرەکی شازادەکان ڕازیکردنی هاری کەینە بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەیان، پاریسییەکان هەفتەی ڕابردوو نەیانتوانی لەگەڵ کەین ڕێککەون، ئێستاش بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی نوێ لەنێوان لایەنەکان ئەنجام بدرێت.
هاری کەین بایرن میونشنی وەک بژاردەی خۆی هەڵبژاردووە، هەرچەندە ئەڵمانییەکان لەگەڵ تۆتنهام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. پێشبینی دەکرێت کەین لە میونشن مووچەی 12 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، هەرچەندە پرسی دارایی وەک فاکتەرێکی گرنگ هەژمار ناکرێت، بۆیە یانە فەرەنسیەکە تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانی.