جۆردان هێندەرسن بیر لە پەیوەندیکردن بە خولی سعودی دەکاتەوە
ستیڤن جێرارد ئارەزووی گواستنەوەی دەکات

یاریگا –
کاپتنی یانەی لیڤەرپوول جۆردان هیندەرسن، بیر لە جێهێشتنی لیڤەرپوول و پەیوەندیکردن بە خولی سعودی دەکاتەوە.
رۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردووەتەوە، جۆردان هێندەرسن لە بەردەم ئەو دووڕیانەدایە، کە پەیوەندی بە خولی رۆشەنی سعودی بکات یاخود لە ریزەکانی لیڤەرپوول بمێنێتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، کاپتنی پێشووی لیڤەرپوول ستیڤن جێرارد، راهێنەری ئێستای ئیتیفاقی سعودی لەسەر هێڵە بۆ گواستنەوەی هێندەرسنی تەمەن 33 ساڵان.
یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەکە ئارەزووی مانەوەی ناوبراو دەکات بەهۆی ئەو ئەزمونە زۆرەی هەیەتی، بەتایبەت کاتێک یانەکە هەر لەم هاوینە جەیمس مینلەری لەدەستدا و پەیوەندی بە یانەی بڕایتن کرد.
Jordan Henderson is considering leaving Liverpool for Saudi Arabia.#TelegraphFootball | #LFC
— Telegraph Football (@TeleFootball) July 12, 2023
رێدز ئێستا سەرقاڵی تۆکمەکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەیەتی، تا ئێستا 95 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی ماک ئالیستەر و سۆبۆلای خەرجکردووە.
کڵۆپ چاوی لەوەیە هەر لەم هاوینە رۆمیۆ لاڤیای 19 ساڵان و ناوەڕاستکاری ساوسهامپتنیش بگوازێتەوە، بەڵام نرخە زۆرەکەی بووەتە رێگر کە یانەکە داوای 50 ملیۆن پاوەند دەکات.
تەلەگراف ئاماژەی بەوەش کردووە، یاریزانەکە بەم زووانە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات، بەڵام بڕیارەکەی هەستیار دەبێت، نایەوێت لەم کاتەی ئێستا پێگەی خۆی لە پێکهاتەی گاریس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە.
لەلایەکی دیکەش، راهێنەری سوور پۆشەکان دەیەوێت بەخێرایی ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، بەر لەوەی تیپەکەی گەشت بەرەو ئەڵمانیا بکات، بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان.
