مۆرینیۆ: سبەی دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین ئەگەر زۆر گەرماش بێت
یاریگا
جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پورتوگالی یانەی ڕۆما، ئەمڕۆ کۆتایی بە پشووەکەی هێنا و گەڕایەوە پایتەختی ئیتاڵیا. بڕیارە بەیانی دووشەممە دەست بە مەشق و ڕاهێنان بکاتەوە.
سپێشەل شەن وەن لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئیتاڵیا لەبارەی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو بە CalcioMercatoـی گووت
ئامادەن بۆ وەرزی نوێ، وەک هەمیشە! گواستنەوەکان؟ چاوەڕێی ئەوە ناکەم چاڵاکیمان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەبێت. ئەوەی کە دەتوانم لێرە کار بکەم دڵخۆشم دەکات. من پیاوێکی حەزم لە کارکردنە نەک کەسێک کە بمەوێت بەردەوام بچمە پشوو. من بیرم لە هیچ یاریزانێکی دیاریکراو و ئامانجێکی دیاریکراو نەکردۆتەوە بۆ وەرزی داهاتوو، لە ئێستادا ئەولەویەتی من ئەوەیە کە ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەست بە ڕاهێنانەکان بکەین، تەنانەت ئەگەر زۆر گەرمیش بێت
جۆزێ سەبارەت بە داهاتووی پاولۆ دیبالا هێرشبەری ئارجێنتینایی یانەکەشی گووتی
قسەکردن لەگەڵ دیبالا سەبارەت بە گرێبەستەکەی؟ من وەک هەموو یاریزانەکانم لەگەڵ پاولۆ قسە دەکەم، بەڵام باسی گرێبەست ناکەین. ئەو یاریزانە خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی دەدات، لە هەمان کاتدا دڵخۆش دەبین ئەگەر ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئێمە بەردەوام بیت.
خۆزێ مۆرینیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دەنگۆی گواستنەوەی ئالڤارۆ مۆراتا هێرشبەری ئیسپانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش گووتی
قسە کردن لەگەڵ مۆراتا؟ تەنها لەگەڵ یاریزانەکانم قسە دەکەم. من هیچ لەبارەی بازاڕی گواستنەوەکانەوە نازانم. لەبارەی فراتزیش گواستنەوەی بۆ ئینتەرمیلان بێزاری نەکردم، بەهیچ شێوەیەک بیر لە گواستنەوە ناکەمەوە