راپۆرتی تایبەتسعوودیەگرنگترین

پلانە شاراوەکانی سعودیە بۆ گۆڕینی هاوکێشەی تۆپی پێی جیهانی چییە؟

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک

وا دیارە خۆری کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەریکە بە تەواوی لە سعودیە هەڵدێت و دەبێتە خێروبەرەکەت بۆ تۆپی پێ و وەرزشی وڵاتە زلهێزەکەی کەنداو.

رۆناڵدۆی 38 ساڵان، لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو پەیوەندی بە نەسرەوە کرد، 14 گۆڵی لە 16 یاریدا کرد. ئەستێرەکەی پۆرتوگال گرێبەستێکی بۆ دوو ساڵ و نیو لەگەڵ یانە سعودییەکە واژۆ کردووە و مووچەی ساڵانەی دەگاتە 224 ملیۆن دۆلار. بەڵام سەرباری ئەمەش، نەسر نەیتوانی ببێتە پاڵەوانی خولی رۆشنی سعودی و ئیتیحاد نازناوەکەی بردەوە.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرە ئەوەیە، ئایا رۆناڵدۆ تەنیا بۆ بردنەوەی نازناوی خولی سعودی چووەتە نەسر؟ ئایا ئەو مووچە تەنیا بۆ بردنەوەی نازناوەکانە؟ بە دڵنیاییەوە ئێستا ئاماژەکان بەڕوونی دەرکەوتوون، پلانێکی قووڵ لە دیوی شاراوەی گرێبەستی رۆناڵدۆ هەیە و هیوایەکی گەورەی بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکە دروست کردووە.

با لە قسەیەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستپێبکەین، چونکە خاڵی وەرچەرخانی تۆپی پێی سعودیەیە، لە سەرەتای مانگی رابردوودا بەم شێوەیە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد

بەڕای من، ئەگەر کارەکان بەم شێوەیەی ئێستا و بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بەردەوام بن، پێم وایە خولی سعودی دەبێتە یەکێک لە باشترین پێنج خولی جیهان. خولی سعودی زۆر باشە و پێم وایە دەرفەتی گەورەی لە بەردەمە.

ئەگەر سەردانی وێبسایتی خولی سعودی بکەین، تێیدا نووسراوە ”لە باشترین 10 خولی جیهانین، ئەمەش لە رووی هونەری، بازرگانی، دارایی و میدیاییەوە”. ئێستا خولەکانی پرێمەرلیگ، لالیگا، سێریا ئەی، بۆندسلیگا و لیگ وەن بە باشترین پێنج خولی جیهان هەژمار دەکرێن.

توێنتی فێرست گروپ، کە ئاژانسێکی وەرزشییە. لە سەرەتای ئەمساڵ لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی باشترین خولەکانی جیهان کردووە. خولی سعودی لە پلەی 58 داندرابوو، بەڵام ئێستا خولی سعودیە لە پلەی 54 دێت، ئەمەش بە هۆی ئەنجامی یانەکانی سعودیە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، کاتێک هیلال گەیشتە یاری کۆتایی و دوو یانەی سعودیش گەیشتبوونە قۆناخی 16ی پاڵەوانیەتییەکە. ئێستا لەگەڵ گواستنەوەی چەندین ئەستێرەی گەورەی وەک کەریم بێنزێما، ئێنگۆلۆ کانتێ و روبن نێڤێش، پێدەچێت خولی سعودی هەنگاوی خێرا بەرەو باشترینەکانی جیهان بنێت.

سەعد ئەلعەزیز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتیی خولی رۆشنی سعودیە. مانگی رابردوو بەردەوام لە هۆتێلەکانی لەندەن بوو. خەریکی رازیکردنی ئەستێرەکانی پرێمەرلیگ بوو پەیوەندی بە یانەکانی سعودییەوە بکەن.

بۆردی خولی رۆشنی سعودیە ئێستا لە ئەلعەزیز، عەبدولعەزیز عەفلەقی و کارلۆ نوهرا کە هاوسەرۆکی خولەکەن لەگەڵ چەند ناوێکی دیکە پێکهاتووە. بەڵام جیا لە گواستنەوەی ئەو یاریزانانەی لە کۆتایی تەمەنی وەرزشیدان، ئێستا سعودییەکان پلانی گواستنەوەی ئەستێرە لاوەکانیان داڕێشتووە، بۆ ئەوەی بچێتە ریزی باشترین خولەکانی جیهان.

پێگەی ئاتلێتیک بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، کە زۆربەیان نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، کۆمەڵێک زانیاری نوێی لەسەر خولی سعودی ئاشکرا کردووە.

ئەو کەسایەتییانەی کار لەسەر بەرەوپێشبردنی خولی سعودی دەکەن، دەزانن ئەم کارە بە شەو و رۆژێک ناکرێت، چونکە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی بەردەوام هەیە، تاوەکو لە پێنج ساڵی داهاتوودا، بگەن بەو ئامانجەی دایانناوە.

یەکێک لە سەرنجە گەورەکانی سەر سعودیە بریتییە لە جوان کردنی سیمای سیاسی حکومڕانی لە رێگەی وەرزشەوە، چونکە سعودیە بە چەندین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و کەمی رێژەی رادەربڕین تۆمەتبارە، ئەمە جیا لە پشتگوێ خستنی مافەکانی ئافرەتان و کوژرانی جەمال خاشوگجی، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی نیویۆرک تایمز.

سەرانی وەرزشی سعودیە باش لە ئەرکە قورسەکەیان تێدەگەن و دەزانن دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن. محەمەد بن سەلمان، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیە پلانێکی تایبەتی بۆ بەرەوپێشبردنی سعودیە لە تەواوی کەرتەکان داڕێشتووە. بەڵام میدیاکانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بە نەرێنی کار لەسەر کەسایەتی بن سەلمان دەکەن. جیا لە وەرزش، بن سەلمان دەیەوێت کەرتی تەندروستی و گەشتاری وڵاتیش بباتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، چونکە لە 60%ی سعودییەکان بە دەست قەڵەویی دەناڵێنن.

بۆیە سعودیە تەنیا کەرتی وەرزشی لە بەردەم نییە، دەبێ پارەیەکی زۆر لە کەرتەکانی دیکەش خەرج بکات و ئەمەش گومان دەخاتە سەر داهاتووی پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ کەرتی وەرزشی.

ئێستا خولی سعودی خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ کۆمپانیای IMG تایبەت بە بازاڕگەری یارییەکانی تۆپی پێ. چونکە دەیەوێت یارییەکانی خولەکە لە کەناڵە گەورەکانی وەرزشییەوە پەخش بکرێت. کاتێک رۆناڵدۆ پەیوەندی بە نەسرەوە کرد، IMG و خولی سعودی کاری هاوبەشیان بۆ گواستنەوەی یارییەکانی نەسر کرد و گرێبەستی کورت مەودایان واژۆ کرد. ئەمەش بووە هۆکاری پەخش کردنی یارییەکانی خولی سعودی لە بەریتانیا، چین، تورکیا و بەرازیل و 41 وڵاتی دیکە.

کۆمپانیای وەرزشی سعودی SSC کە کۆمپانیاییەکی حکومییە، تەواوی مافەکانی خولی سعودی بۆ سێ ساڵی داهاتوو بەدەستهێناوە. نرخی ئەم سێ وەرزەش 10 ئەوەندەی وەرزەکانی رابردووە و رەنگە بۆ داهاتوو، گۆڕانکاری زیاتر بەسەر نرخی یارییەکانەوە بهێت و ببێتە داهاتێکی دیکە بۆ کەرتی وەرزشی سعودیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خولی سعودی پێی وایە، بەرپرسانی وەرزشی دەیانەوێت ئەو یاریزانانە بگوازنەوە کە فۆڵۆوەری زۆریان لە سۆشیال میدیا هەیە، بۆ نموونە رۆناڵدۆ کە خاوەنی 594 ملیۆن فۆڵۆوەرە لە ئینستاگرام و 109 ملیۆن فۆڵۆوەری لە تویتەر هەیە، پەیامێکی ئەرێنی سعودیە بۆ جیهان دەنێرێت و وا دەکات ژمارەی بینەری خولەکە زیاد بن.

هێنانی ئەم جۆرە یاریزانانە، پڕۆسەی ناساندنی خولەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خێراتر دەکات، چونکە هەوادارانی وەرزشی لە نزیکەوە چاودێری ژیانی یاریزانان دەکەن.

جیا لە گواستنەوەی ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێی جیهانی، خولی سعودیە بە هاوکاری یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە، پلانێکی تۆکمەیان بۆ پەرەپێدانی یاریزانانی سعودی هەیە. یەکێک لە پلانەکان کردنەوە و هاوردەکردنی ئەکادیمیای جیهانی تۆپی پێیان هەیە، تاوەکو پەرە بە تواناکانی یاریزانانی سعودی بدەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە بنەخایەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تۆپی پێی سعودیە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پاڵپشتی بەردەوامی کەرتی وەرزشی بریتییە لە پاڵپشتییەکانی سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە PIF. لە ماوەی رابردوودا سندووقەکە موڵکایەتی چوار یانەی گرتە ئەستۆ، یانەکانیش بریتین لە نەسر، هیلال (هەردووکیان لە ریازن) ئیتیحاد و ئەهلی (هەردووکیان لە جەددەن کە دووەم گەورەترین شاری سعودیەیە).

بیرۆکە سەرەکییەکە دروستکردنی براندێکی نوێیە بۆ ئەم چوار یانەیە و دواتر فرۆشتنەوەیەتی بە وەبەرهێنی کەرتی تایبەت. ئەگەر پلانەکە سەربگرێت، ئەوا رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا، گۆڕانکاری گەورە لەو چوار یانەیە ببینین. سیناریۆییەکە بەم جۆرەیە، سەرەتا دەیانەوێت چوار یانە زۆر بەهێز بکەن، دواتر دەست بە دووبارە بونیادنانەوەی یانەکانی دیکە دەکەن، ئەمەش وا دەکات لە چەند ساڵی داهاتوودا، تەواوی یانەکانی خولی سعودی رادەستی کەرتی تایبەت بکرێن. بەو واتایەی، چیدیکە یانەکان پێویستیان بە پاڵپشتی حکومەت نابێت.

چەندین هۆکاری سروشتی بۆ بەراورد کردنی بەرزبوونەوەی ئاستی خولی سعودی بە سەرهەڵدانی لەناکاوی خولی چینییەوە هەن، هۆکاری سەرەکی مێژووی دێرینی تۆپی پێی سعودیەیە. هەڵبژاردەی هەڵۆکانی بیابیان لە هەشت مۆندیالی رابردوودا، شەش جار گەیشتوونەتە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال و لە دوا مۆندیالیشدا، هەڵبژاردەی سعودیە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوە. ئەمەش خاڵێکی جیاوازی جەوهەرییە لەگەڵ تۆپی پێی چین. کەچی هەڵبژاردەی چین تەنیا یەکجار گەیشتووەتە مۆندیال و هەرسێ یارییەکەشی لە مۆندیالی 2002 دۆڕاند.

پێدەچێت ئەم هاوینە تەنیا دەستپێکی گەشەکردنی تۆپی پێی سعودیە بێت، چونکە توانا داراییەکانی سعودیە بۆ کەرتی وەرزش زۆرە و ئامانجەکەشیان روونە، دەیانەوێت خولی سعودی بکەن یەکێک لە باشترین خولەکانی تۆپی پێی جیهان.

بابەتی زیاتر

Back to top button