ئۆسیمین یانەی داهاتووی دەستنیشان دەکات
یاریگا –
ڤیکتۆر ئۆسیمین، ئەستێرەی ناپۆلی دەیەوێت رۆژێک لە رۆژان یاری بۆ مانچێستەر یونایتد یان ریال مەدرید بکات.
سالڤاتۆر باگنی، یاریزانی پێشووی ناپۆلی رەتیدەکاتەوە ئۆسیمین جارێکی دیکە بگەڕێتەوە فەرەنسا یاخود ئەڵمانیا، هەروەها نایەوێت پەیوەندی بە لیڤەرپوول و چێڵسییەوە بکات، ئەمەش بە هۆی بەشداری نەکردنیان لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
باگنی پێی وایە ئەگەر ئۆسیمین ناپۆلی جێبهێڵێت، ئەوا دەیەوێت بچێتە مانچێستەر یونایتد یاخود ریال مەدرید.
باگنی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی توتو ناپۆلی دەڵێت
ڤیکتۆر ئۆسیمین ناگەڕێتەوە فەرەنسا، چونکە پێشتر یاری لەو خولە کردووە. نایەوێت بچێتە لیڤەرپوول یان چێڵسی، چونکە بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو ناکەن، بە لای منەوە، ئەگەر بڕیاری رۆیشتن بدات، ئەوا دەچێتە مانچێتسەر یونایتد یاخود ریال مەدرید. ئەو گرنگی بە یانەکانی دیکە نادات.
ئەستێرەی یەکەمی ناپۆلی، لە وەرزی رابردوودا ئاستێکی سەرسووڕهێنەری پێشکەش کرد و توانی ببێتە گۆڵکاری سێریا ئەی و نازناوەکە لەگەڵ ناپۆلی بەدەست بهێنێت. یانەکانی ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد وێڵن بە دوای دۆزینەوە هێرشبەرێکی کوالێتی جیهانی. ئۆسیمینیش بژاردەیەکی بەردەستە.
ناپۆلی دەیەوێت پارێزگاری لە ئۆسیمین بکات و گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ دەستپێکردووە، لە لایەکی دیکەوە ریۆ فێردیناند، ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد پێی وایە ئۆسیمین بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ یانەکەی.