رامۆس دەیەوێت بگەڕێتەوە لالیگا
یاریگا –
سێرجیۆ رامۆس دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە لالیگا.
رامۆس کە لە هاوینی ساڵی 2021 بە گرێبەستێکی ئازاد لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی پاریس سانجێرمان کرد، نزیکە لە جێهێشتنی یانەکە، چونکە چەند رۆژێک بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە و تاوەکو ئێستا یانە پاریسییەکە گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە.
کادێنا سێر بڵاویکردووەتەوە، ئەستێرە ئیسپانییەکە دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سێڤییا، ئەو یانەیەی کاروانەکەی لەگەڵدا دەستپێکرد.
یاریزانی پێشووی ئیسپانیا، بەرهەمی ئەکادیمیای سێڤیاییەوە و دوو وەرز یاری بۆ یانەکەی ئەندەلووس کرد، دواتر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و 16 وەرز لە یانەکەی پایتەخت مایەوە. رامۆس 22 نازناوی لەگەڵ ریال بردەوە.
یاریزانی 37 ساڵان دەیەوێت بگەڕێتەوە یانەی منداڵی خۆی، سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەرانی سێڤییا، بەڵام جیا لەمەش، سێڤییا پێنج یاریزانی دڵی بەرگریکاری هەیە، بۆیە گەڕانەوەی رامۆس رەنگە ئاسان نەبێت.
ئەفسانەی ریال مەدرید ناوی بە چەند یانەیەکی سعودی بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی رووی نەداوە.