دوو هەفتەی دیکە کیلیان ئێمباپێ لە مەدریدە !
یاریگا –
وردەکاری نوێ لەبارەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەکرێن.
رامۆن ئالڤارێز، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی روونیکردووەتەوە، گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە، ئەگەرێکی زۆر بەهێزە.
بە گوێرەی دوایین راپۆرتەکان بێت، پاریس سانجێرمان نایەوێت ئێمباپێ بۆ وەرزی داهاتوو لە تیمەکە بمێنێت، چونکە نایەوێت لە هاوینی داهاتوو بە خۆڕایی دەستبەرداری ئەستێرە فەرەنسییەکە ببێت.
🚨 CRECE el OPTIMISMO en el REAL MADRID por el FICHAJE de MBAPPE. AVANCES SIGNIFICATIVOShttps://t.co/EzjX9CYSL5
— Ramón Álvarez de Mon (@Ramon_AlvarezMM) June 25, 2023
پەیوەندی نێوان پاریس و ئێمباپێ گرژییەکی زۆری تێکەوتووە، ئەمەش دوای ئەوەی کیلیان رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان تاوەکو 2025 نوێبکاتەوە.
ئالڤارێز لە تویتێکیدا نووسیویەتی
ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا جووڵەی زۆری بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ ئێمباپێ کردووە، ئەگەر ریال مەدرید لە ئەگەری گواستنەوەی ئێمباپێ لەم هاوینەدا دڵنیا ببنەوە، ئەوا پارەی تەواو دابین دەکرێت. کارگێڕی فلۆرێنتینۆ پێرێز گەشبینن. کیلیان ئێمباپێ رەنگە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بگاتە مەدرید، چونکە یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی وەرزی داهاتوو، ئێمباپێ بگوازێتەوە.
لەبارەی توانا داراییەکانی مەدرید، ئالڤارێز دەڵێت
ریال مەدرید هەڵسەنگاندنی فراوانی بۆ ئەگەرەکانی واژۆکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ ئێمباپێ کردووە، ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و مەدرید گەشبینە بە زیادبوون و گەشەکردنی ئابووری یانەکە، لە دوای گواستنەوەی ئێمباپێ.
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید یاریزانی ژمارە 9ی بە هیچ یاریزانێک نەداوە، ئەمەش ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ مێرێنگێ زیاد کردووە، چونکە لە دوای چوونە دەرەوەی کەریم بێنزێما بۆ ئیتیحادی سعودی، ریال مەدرید ژمارەکەی بە هیچ یاریزانێک نەداوە.
رۆژنامەکانی فەرەنسا لە دوا راپۆرتەکانیان بە روونی باس لە چوونە دەرەوەی ئێمباپێ دەکەن. لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، پاریس ئامادەیە بە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئێمباپێ ببێت.
ریال مەدرید دەیەوێت بەختی خۆی بە پێشکەش کردنی 150 ملیۆن یۆرۆ تاقیبکاتەوە و دواتر بۆ 200 ملیۆن یۆرۆی بەرزبکاتەوە.