ئه‌مریکائه‌وروپاگرنگترین

‎لیۆنێل مێسی تەمەنی دەبێتە 36 ساڵ

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكی یادی 36 ساڵەی تەمەنی دەكاتەوە.

مێسی لە بەرواری 24ی حوزەیرانی ساڵی 1987 لەشاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین لەدایك بووە و لە ساڵی 1995 لەگەڵ لاوانی نیوێڵز ئۆڵد بۆیز دەستی بە یاری تۆپی پێ كردووە، لەدوای ماوەیەک لە یاریكردن پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەفسانەكەی ئێستای تۆپی پێی جیهان بەدەست کەمی هۆرمۆنەکانەوە دەناڵێنێت، ئۆڵد بۆیز تێچووی چارەسەرەکەی لە ئەستۆ نەگرت، کە مانگانە بڕی 900 دۆلار بوو، پاشان بارسێلۆنا رازی بوو یاریزانەكەی بردە ئیسپانیا و تێچووی چارەسەركردنی لە خۆ گرت.

منداڵی لیۆنێل مێسی بە درێسی بارسێلۆنا

ئەفسانە ئەرجەنتینیەكە لە كاروانی وەرزشیدا 1028 یاری ئەنجامداوە ، 807 گۆڵی تۆمار كردووە ، 357 گۆڵی درووست كردووە ، بەشداری لە 1164 گۆڵدا كردووە ، 43 نازناوی جۆراو جۆری بەدەستهێناوە ، 62 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ تۆمار كردووە، شەش جار پێڵاوی زێڕینی بەدەستهێناوە ، حەوت جار تۆپی ئاڵتوونی بەدەستهێناوە.

گرنگترین دەستكەوتەكانی لیۆنێل مێسی لە كاروانی وەرزشیدا:

1- خاوەنی زۆرترین باڵۆندۆر بە حەوت جار لە ساڵەكانی 2009,2010,2011,2012,2015,2019,2021.

مێسی و 7 باڵۆندۆرەكەی

2- خاوەنی زۆرترین پێڵاوی ئاڵتوونی.

مێسی و 6 پێڵاوە ئاڵتونیەكەی

3- تاكە یاریزانی مێژوو لە وەرزێكدا باڵۆندۆر و باشترین یاریزانی جیهان و گۆڵكاری خول و پێڵاوی ئاڵتوونی بباتەوە لە وەرزی 2009/10.

لیۆنێل مێسی لە وەرزی 2009/10

4- تاكە یاریزان لە وەرزێكدا 91 گۆڵ بكات لە وەرزی 2011/12.

مێسی لە وەرزی 2011/12

5- تاكە یاریزان زۆرترین گۆڵی بۆ یانەیەك كردبێت بە 671 گۆڵ.

مێسی لە كاتی ماچكردنی لۆگۆی بارسێلۆنا

6- تاكە یاریزان گۆڵی لە زۆرترین یانە كردبێت لە چامپیۆنزلیگ بە 36 یانە.

7- تاكە یاریزان زۆرترین جار خەڵاتی گۆڵكاری لالیگای بردبێتەوە بە 7 جار.

زۆرترین نازناوی لە كاروانی وەرزشیدا بەدەستهێناوە بە 43 نازناو كە 5 نازناویان لەگەڵ هەڵبژاردەكەی بووە و 38 نازناویش لەگەڵ بارسێلۆنا و پاریس سان جێرمان.

نازناوەكانی لیۆنێل مێسی:

  • لالیگا 10 جار
  • جامی شای ئیسپانیا 7 جار
  • جامی سوپەری ئیسپانیا 8 جار
  • چامپیۆنزلیگ 4 جار
  • جامی جیهانی یانەكان 3 جار
  • جامی سوپەری ئەوروپا 3 جار
  • خولی فەڕەنسی 2 جار
  • جامی سوپەری فەڕەنسا 1 جار
  • جامی جیهانی لاوان 1 جار
  • مەدالیای زێڕینی ئۆلۆمپیاد 1 جار
  • كۆپا ئەمریكا 1 جار
  • فیناڵیزما 1 جار
  • جامی جیهانی 1 جار
مێسی و جامی جیهانی

باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ كە زۆربەی یاریزانەكان هاوڕان لەسەر ئەوە ، تەمەنی بوو بە 36 ساڵ و كاروانی وەرزشی لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە.

چەند شتانێك كە رەنگە تا ئێستا دەربارەی لیۆنێل مێسی نەتزانیبێت:

  1. نهێنی سەیركردنی ئاسمان لە كاتی ئاهەنگگێڕانەكانی:

مێسی دوای تۆماركردنی هەموو گۆڵێك لەوەتەی دەستی بە یاریكردن كردووە سەیری ئاسمان دەكات، هەندێك پێیان واكە سوپاسی خوا دەكات، بەڵام چیرۆكەكە بەو شێوەیە نیە لیۆ ئەو ئاهەنگگێڕانەی تایبەت كردووە بۆ سیلیا ئۆلیڤیای داپیرەی كە لە ساڵی 1998 كۆچی دوایی كرد و نەیتوانی خەونەكانی مێسی وەك یاریزان تۆپی پێ ببینێت.

لیۆ دەربارەی داپیرەی دەدوێت و دەڵێت ” رۆژێك یاریەك بوو تیمێك یاریزانی كەم بوو داپیرەم چوو بۆ قسەكردن لەگەڵ راهێنەرەكەیان و پێی ووتوە ئەو مندالە ببە ژوورەوە بۆ یاریكردن ، راهێنەرەكەش پێی ووت تۆ شێتیت چۆن داوام لێدەكەیت ئەو مندالە ببەمە ژوورەوە، ئەو زۆر بچووكە بیبەمە ژوورەوە خراپ دەبێت بۆی ،بەڵام داپیرەم سوور بوو لەسەر ئەوە و دەستم بە یاریكردن كرد دواتر جوتێك پێڵاوی بۆ كڕیم و هەموو شتێك لەوێوە دەستی پێكرد”.

بۆیە كاتێك گۆڵ دەكات گۆڵەكانی پێشكەش بە داپیرەی دەكات.

لیۆ كاتی ئاهەنگگێڕان

2- عاشقی یاری ڤیدیۆی ( پلەیستەیشن)ە:

مێسی یەكێكە لەوانەی كە عاشقی یاریكردنە بە پلەیستەیشن و وەك پێشتر ئاشكرایكردووە بەردەوام یاری دەكات، ئەگەر مەشق و راهێنان یان لەگەڵ خێزانەكەی كات بەسەر نەبەن لەگەڵ تیاگۆی كوڕی یاری دەكات.

مێسی و تیاگۆی كوڕی لەكاتی یاریكردن

3- یاریزانی دڵخوازی:

بە پێچەوانەوە كە هەمووان وا دەزانن یاریزانی دڵخوازی و نمونەی باڵای میسی دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای كۆچكردووە، بەڵام یاریزان و نمونەی باڵای مێسی پابلۆ ئایماری ئەرجەنتینیە.

مێسی و درێسی پابلۆ ئایمار

4- رەتیكردەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكات:

مێسی پێشتر ئاشكرایكرد كاتێك منداڵ بووە رەتیكردووەتەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكات و یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردووە.

سەبارەت بەوە لیۆ دەڵێت ” كاتێك هێشتا منداڵ بووم داوام لێكرا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكەم، بەڵام وەڵامی من ئەوە بوو كە دەمەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی بكەم، چونكە وڵاتەكەمم خۆشدەوێت”.

لیۆنێل مێسی و جامی جیهانی

بابەتی زیاتر

Back to top button