ئۆساسۆنا ناتوانێت بەشداری کۆنفڕانس لیگ بکات
یاریگا
یانەی ئۆساسۆنای ئیسپانیا وەرزی رابردوو ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا توانیان بلیتی بەشداری کردن لە کۆنفڕانس لیگ بەدەست بێنن، بەڵام ئەو یانەیە بەهۆی تێوەگلانی بەرپرسانی بە گەندەڵی لە پاڵەوانتیەکە بێ بەشکرا.
ماڵپەری فەرمی یانەی ئۆساسۆنای ئیسپانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتڕاستی کردەوە کە پشکنەرانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵی لە وەرزی 2013 بۆ 2014 بەشداریکردنی یانەکەیانی لە وەرزی داهاتوو لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا قەدەغە کرد.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا پێی وایە کە سزای بەڕێوەبەرانی پێشووی یانەکە دەبێت بۆ ئەم یانەیەش جێبەجێ بکرێت. یانە ئیسپانییەکە دانی بەوەدا ناوە کە بەرگری لە خۆی دەکات لە لایەنە یاساییەکان و دادگای باڵا تانە لە بڕیارەکە دەدات.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە ئەگەری دوورخستنەوەی ئۆساسۆنا لە کۆنفڕانس لیگ، لە بری ئەوان ئاتلێتیک بیلباو بەشداری پاڵەوانتیەکە دەکات.