ئه‌ڵمانیاگرنگترین

مانێ دوای یەکەم وەرزی لەگەڵ بایرن بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لە بەهای خۆی لەدەست دەدات

Yariga App

یاریگا –

پێگەی “ترانسفێر ماركێت” نوێکارییەکی نوێی لەسەر نرخی یاریزانانی خولی ئەڵمانی بڵاوكردەوە، تێیدا دابەزینێكی بەرچاوی بەهای ئێستای بازاڕی سادیۆ مانێی سەنیگالی و یاریزانی بایرن میونشن دەبینین، لە دوای یەكەم وەرزی لەگەڵ یانە زەبەلاحەكەی ئەڵمانیا.

مانێ هاوینی رابردوو بە بڕی 32 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە بایرن میونشن كرد، بەهای بازاڕی یاریزانەكە لەو کاتەدا 60 ملیۆن یۆرۆ بوو.

پاشان بەهای ئەستێرە سەنیگالییە تەمەن 31 ساڵانەکە لە مانگی ئاداری رابردوودا دابەزی بۆ 45 ملیۆن یۆرۆ، دووبارە جارێکی دیکە دابەزی و گەیشتە 25 ملیۆن یۆرۆ.

لەلایەکی دیکەوە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، مانێ دەیەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵ بایرن بمێنێتەوە، دوای ئەوەی چەندین ئۆفەری سەرنجڕاکێشی پێگەیشتووە، کە دوایین ئۆفەریان لە خولی سعودیەوە بووە.

ئاماژە بەوەشكراوە یانەی ئیتیفاقی سعودی ئۆفەرێكی فەرمی پێشكەش بە مانێ كردووە و هەوڵ دەدەن یاریزانەكە رازی بكەن پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات، لە كاتێكدا یانە باڤارییەكە دەیەوێت رزگاری ببێت لە یاریزانەكە دوای ئەوەی وەرزێكی خراپی لەگەل یانەكە بەسەربرد.

رۆژنامەی “بیڵد”ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە کە سادیۆ مانێ بە روونی بایرن میونشنی ئاگادارکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکاریەكانی وەرزی نوێ لە 13ی تەمموزدا، هەروەها هیچ نیازێکی نییە یانە باڤاریاکە جێبهێڵێت.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، یاریزانە سەنیگالیەكە لە دوای ئەوەی وەرزی یەكەمی بە خراپی بەسەربرد دەیەوێت لە میونشن خۆی بسەلمێنێت و ئەو بڕوای تەواوی بە پڕۆژەی وەرزشی یانەكە هەیە.

مانێ تا سالی 2025 گرێبەستی لەگەڵ بایرن هەیە و لە یەكەم وەرزیدا 38 یاری كرد و توانی 12 گۆڵ بكات و 6 گۆڵیش درووست بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button