ریال مەدرید شوێنگرەوەی ئەنچێلۆتی دەست نیشان کرد
یاریگا –
چابی ئەلۆنسۆ وەرزی داهاتو لە بۆندسلیگا دەمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی ئەڵمانیا جێبهێڵێت و روو بکاتە ئیسپانیا.
بەڕێوبەرانی یانەی بایەر لیڤەرکوزن لەم دواییانەدا چەند دیدارێکیان لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ ئەنجامدا، بڕیاردرا ئەم راهێنەرە لاوە لە وەرزی داهاتوودا بەردەوام بێت لە راهێنەرایەتی کردنی تیپەکەدا.
بەڵام رۆژنامەی سپۆرت بیڵدی ئەڵمانی لە راپۆرتێکی هەواڵیدا رایگەیاند، یانەی ریال مەدرید بیر لە هێنانی راهێنەرە لاوەکەی بایەرلیڤەرکوزن دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنی ئەنچیلۆتی بگرێتەوە کاتێک گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
ئەم راهێنەرە تەمەن 41 ساڵە لە ئێستادا راهێنەری یانەی بایەرە، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 دەتوانێت بگەڕێتەوە مەدرید و ئەمجارەیان وەک راهێنەر لە یانە خۆشەویستەکەی ئیسپانیا راهێنەرایەتی بکات.
لەکۆتاییدا دوای ئەوەی بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێزی گەراندەوە یانەکەی وەکوو راهێنەر، دەبێت بزانین ئایا یانەی ریال مەدریدیش یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی خۆی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی دادەنێت یا خود نا.