”ئێمباپێ بوومەلەرزەی لە ریال مەدرید دروست کردووە”
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ بوومەلەرزە لە نێو دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید دروست دەکات.
خۆسێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی مارکا روونیکردووەتەوە، بڕیارەکەی کیلیان ئێمباپێ بە جێهێشتنی ریزەکانی پاریس سانجێرمان، بوومەلەرزەی لە نێو پلانەکانی ریال مەدرید بۆ مێرکاتۆی هاوینە دروست کردووە.
گرێبەستی ئێمباپێ لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەر دەچێت و بەندێک لە نێو گرێبەستەکەیدا هەیە، دەکرێ پاریس و ئێمباپێ لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە رێکبکەون، بەڵام ئێمباپێ رەتیکردەوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە لە هاوینی داهاتوو، پاریس جێدەهێڵێت.
El 'terremoto Mbappé' no ha tenido onda expansiva en Valdebebas https://t.co/r4Lcx2OqIc vía @marca
— José Félix Díaz (@jfelixdiaz) June 17, 2023
دیاز لە گووتارەکەیدا نووسیویەتی
هەروەک چۆن بڕیارەکەی کەریم بێنزێما بە جێهێشتنی ریال مەدرید لەناکاو و سورپرایز بوو، پەیامەکەی ئێمباپێش بە هەمان شێوەی سورپرایز بوو و بوومەلەرزەی لە نێو پلانەکانی ریال مەدرید دروست کرد. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، تەواوی پلانەکانی گواستنەوەی هێرشبەرێک بۆ جێگرتنەوەی بێنزێما وەستێندران و ئێستا هەوڵەکانی بۆ پەلکێش کردنی هاری کەین و کای هاڤێرتز وەستان. جیا لە خوسێلو، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستەکەی ئاشکرا دەکرێت، ریال مەدرید کەوتووەتە دۆخی بێ دەنگییەوە و چاوەڕێیە چیرۆکی ئێمباپێ و پاریس چی بەسەر دێت.
پێشتر رۆژنامەی مارکا بڵاویکردبووەوە، ریال مەدرید پەلە لە گواستنەوەی ئێمباپێ ناکات و چاوەڕێ دەکات، لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوودا، لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە رێکبکەوێت، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا، بە خۆڕایی پەیوەندی بە لۆس بلانکۆسەوە بکات.
ئێمباپێ کە لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە پاریسەوە کرد، 212 گۆڵی لە کۆی 260 یاری تۆمار کردووە. ئێمباپێ ئەوکاتە بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆوە پەیوەندی بە شایەکانی پاریسەوە کرد.