لیۆنێل مێسی: بۆ قۆناخی نوێی کاروانی وەرزشیم ئامادەم
یاریگا –
لیۆنێل مێسی بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نوێی کاروانی وەرزشی لەگەڵ ئینتەر مەیامی.
ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ پاریس سانجێرمان، کاروانەکەی لەگەڵ ئینتەر مەیامی دەست پێدەکات، بەڵام ئێستا دەیەوێت کەمێک پشوو بدات و لەگەڵ خێزانەکەی ماوەیەک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
یاریزانی 35 ساڵان بە بڕیاری چوونی بۆ خولی ئەمریکی دڵخۆشە و سوورە لەسەر دەستپێکردنی چاپتەرێکی نوێ لە کاروانی وەرزشی، لە لێدوانێکیدا بۆ Publica TV روونیکردەوە
من باشم، هەرچەندە بیرۆکەی جیاوازمان هەبوو (گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا)، بەڵام ئێستا دڵخۆشین بە بڕیارەکەمان. ئامادەم و سوورم لەسەر دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ. بڕیارەکەم هەنگاوێکی گرنگ بوو بەڵام لە هەمان کاتدا باش بیرم لە لێکەوتەکانی کردەوە، لە کۆتاییدا بە بڕیارەکە دڵخۆشین.
لە دوای یەکلایی بوونەوەی چارەنووسی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، یانەی هیلال هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی لیۆ مێسیدا و تەنانەت ئامادەبوون بۆ ماوەی دوو ساڵ، بڕی 1.2 ملیار دۆلار بە پاڵەوانی جیهان بدەن، بەڵام لە کۆتاییدا مێسی ئۆفەرەکەی هیلالی رەتکردەوە و پەیوەندی بە ئینتەر مەیامییەوە کرد.