مۆدریچ ئۆفەرێکی خەیاڵی سعودیەی رەتکردەوە
یاریگا
لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا ئامادەنیە ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت و بەم هۆیەوە ئۆفەرێکی خەیاڵی یانەیەکی سعودی رەتکردەوە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکا بڵاویکردەوە، ماوەیەکە لە سعودیە کار بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارەکەی مێرنگی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش یانەی ئەهلی تازە سەرکەتوو بۆ خولی نایابی ئەم وڵاتە 80 ملیۆن یۆرۆیان بۆ هەر وەرزێک پێشکەشی یاریزانەکە کردووە.
سەرچاوەکە بڵاویکردەوە لوکا هەر زوو ئۆفەرەکەی یانەی ئەهلی کە هەشت هێندەی موچەکەیەتی لە ریال مەدرید رەتکردەوە و دەیەوێت لە ریزەکانی یانەکەی بە یەکجاری واز لە یاریکردن بێنێت.
لوکا مۆدریچ ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە شاهانەکە کۆتایی دێت و یانەکەشی ئامادەیە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە نوێ بکاتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای یارییە نێودەوڵەتیەکان گرێبەستە نوێیەکەی واژۆ بکات.