ئینزاگی: شانازی بە یاریزانەكانمەوە دەكەم
یاریگا –
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە دوای دۆڕاندنەكەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی دووپاتیكردەوە شانازی بە یاریزانەكانیەوە دەكات.
شەوی رابردوو لە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگدا مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئینتەر میلان بوویەوە و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.
تاكە گۆڵەكەی سیتی لە لایەن رۆدری بە لێدانێكی بەهێز لە خولەكی 68ی یارییەكەدا تۆمار كرا.
لە دوای یارییەكە ئینزاگی ووتی: یارییەکی نایابمان ئەنجامدا و پێویستە شانازی بەوەوە بکەین، لە دوای یارییەكە هەموو یاریزانەکانم لە باوەش گرت، چونکە ئەوان ناوازە بوون، هەروەها هاندەرانیش، شایەنی ئەنجامێکی جیاوازتر بوون.
بەردەوام بوو ووتی: یاریەکی نایابیان ئەنجامدا و ئەمە ساتێکی سەختە بۆمان چونکە لە یاری کۆتایی دۆڕاین، بەڵام شانازی دەکەین، پێم گوتن كە بە هیچ شتێکی دونیا نایانگۆڕمەوە، ئەمڕۆش هەمووان بینیان بۆچی.
راهێنەرە ئیتاڵییەكە بەردەوام بوو ووتی: یارییەکی جدی و ڕێکخراومان ئەنجامدا، ئێستا هەست بە دڵتەنگی دەکەین بەڵام ئەمە تۆپی پێیە، ئەوە پێنجەمین یاری کۆتاییمانە لە ماوەی 20 مانگدا و دەبێت شانازی بکەین.
لە كۆتایشدا ووتی: پێویستمان بە چەند رۆژێکە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنین، پلان بۆ داهاتوو دادەنێین، زۆر شانازی بە یاریزانان و هاندەرانەوە دەکەم، شایەنی زیاتر بووین، بەڵام کڵاوەکانمان بۆ سیتی بەرز دەکەینەوە و دەزانین چەندە کاریان کردووە بۆ گەیشتن بەم ساتە له ساڵانی كۆتایی.