باستۆنی پلانی راگرتنی هالاند ئاشكرا دەكات
یاریگا –
ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریكاری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی پلانی راگرتنی ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ئاشكرا دەكات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 22:00 بە كاتی كوردستان ئینتەر میلان رووبەڕووی مانچێستەر سیتی ببێتەوە، لە میانی یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
باستۆنی ئامادەیی تەواوی خۆیان راگەیاند بۆ رووبەرووبوونەوەی مانچێستەر سیتی و ئاشكرایكرد كە رووبەڕووی هەموو تیمەكە دەبنەوە نەك تەنیا هالاند.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە رۆژنامەی ماركا بڵاویكردووەتەوە باستۆنی ووتی: ڤیدیۆكانی راگرتنی رۆدیگەرم سەیر كرد كە هالاند دەوەستێنێت، هەوڵ دەدەم بەكاریبهێنمەوە بۆ راگرتنی.
لە یاری چوونی قۆناخی پێش كۆتایی لە نێوان ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر ئەركی راگرتنی ئێرلینگ هالاندی پێسپێردرا بوو توانی سەركەوتوو بێت.
بەرگریكاری یانە ئیتاڵییەكە بەردەوام بوو ووتی: یارییەكە رووبەرووبوونەوەی هالاند و ئینتەر میلان نیە، ئەوان تیمێكی بەهێز و پتەویان هەیە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە رووبەڕووبوونەوەی سیتی دەترسن باستۆنی ووتی: ئێمە لە بكوژەكان دەترسین، نەك لە یاریزانانی تۆپی پێ، دەبێت ئازا بین.
ئەمە یەکەمجارە سیتی رووبەڕووی ئینتەر میلان دەبێتەوە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە تیایدا نێراتزۆری شەشەمین یاری کۆتایی لە مێژووی خۆیدا ئەنجام دەدات و توانیویەتی 3 جار نازناوەکە بباتەوە و دووجاریش لە یاری كۆتاییدا تووشی شكست هاتووە، لە بەرامبەردا مانچێستەر سیتی پێشتر تەنیا یەك جار گەیشتووەتە یاری كۆتایی لە ساڵی 2021 كە لەو یاریشەدا بەرامبەر چێڵسی تووشی شكست هات.