رەنگە هەڵبژاردەی سعودیە بەشداری کۆپا ئەمریکای 2024 بکات
سیستەمی پاڵەوانێتییەکە رێگە بە بەشداریکردنی هەڵبژاردەکانی دەرەوەی کیشوەرەکە دەدات
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، رەنگە هەڵبژاردەی سعودیە بەشداری لە کۆپا ئەمریکای داهاتوودا بکات، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
رۆژنامەی ئۆکاز بڵاویکردووەتەوە، یەکێتی تۆپی پێی سعودیە بە جددی کار بۆ ئەوە دەکات بەشداری پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکای داهاتوودا بکات، بەتایبەتی کە سیستمی پاڵەوانێتییەکە رێگە بە بەشداریکردنی تیپەکانی دەرەوەی کیشوەری ئەمریکا دەدات وەک ئەوەی لە هەندێک لە وەشانەکانی پێشوویدا روویدا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بیرۆکەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی سعودیە لەو پاڵەوانێتییەدا لەو کاتە هاتە ئاراوە کاتێک کۆنفیدراسیۆنی ئەمریکای باشوور بانگهێشتی فیدراسیۆنی سعودیەی کرد بۆ بەشداریکردن لە 75ـەمین کۆبوونەوەی گشتی، کە ساڵی رابردوو لە قەتەر لە پەراوێزی تیروپشکی مۆندیالی 2022 ئەنجامدرا.
وە لەو کاتەدا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور پێی خۆشە سعودیە بەشداری پاڵەوانێتییەکە بکات لە وەشانەکەی دواتر، ئەو داوایەش لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی سعودیەوە رەت نەکرایەوە.
سیستەیمی کۆپا ئەمریکای 2024
یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (CONMEBOL) لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی سەرتاسەری لە سیستەمی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکان راگەیاند، وەشانی داهاتووی کۆپا ئەمێریکا بە بەشداری 16 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، کە 10 هەڵبژاردە لە ئەمریکای باشوور و 6 هەڵبژاردەش لە کۆنکاکاف “ئەمریکای بکوور، ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی” بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
ئەمەش بۆ جاری دووەم دەبێت لە مێژوودا کە 16 هەڵبژاردە بەشداری لە کۆپا ئەمریکا بکەن، جاری یەکەم لە ساڵی 2016 بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی پاڵەوانێتییەکە 16 هەڵبژاردە بەشداربوون تیایدا، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
کۆپا ئەمریکای 2024ـیش جارێکی دیکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەر لە 2 ساڵ لە میوانداریکردنی جامی جیهانی 2026 لە لایەن هەمان وڵات شان بەشانی هەردوو وڵاتی مەکسیک و کەنەدا.
ئەگەرێکیش هەیە لە وەشانی داهاتوو 20 هەڵبژاردە بەشداری بکەن، 10 هەڵبژاردەی لە ئەمریکای باشوور و 10 هەڵبژاردەکەی دیکەش پێکدێن لە هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی (مەکسیک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جامایکا، پەنەما، هایتی، کۆستاریکا، ژاپۆن، هندۆراس، قەتەر) وە هەڵبژاردەی سعودیەش دەبێت بە هەڵبژاردەی ژمارە 20 ئەگەر ئەو ئەگەرە ببێت بە فەرمی.
هەڵبژاردەی سعودیە بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، پاش ئەوەی لە مانگی ئازار رۆیشتنی هێرڤی رێدناندی فەڕەنسی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی راگەیاند.