کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ریال مەدرید ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت

یاریگا –
لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانکاری زۆر لە یانەی ریال مەدرید روودەدەن و رەنگە هەندێکیان هاندەرانی تۆپی پێ تووشی سەرسوڕمان بکەن.
رووداوەکانی وەرزی 20222-2023 وای لە بەڕێوەبەرانی ریاڵ مەدرید کرد بیر لە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم تیپەدا بکەنەوە.
بەدەست نەهێنانی نازناوی لالیگا، هەروەها شکستە قورسەکەی بەرامبەر مان سیتی لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە لێدا، و دەستیان کرد بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە.
لەکاتێکدا زۆرێک پێشبینیان دەکرد بەر لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی کەریم بێنزێما نوێ بکرێتەوە، ئێستا ئەم ئەستێرە فەرەنسییە بەنیازە ریال جێبهێڵێت و بچێتە خولی سعودی و ئەمە تاکە رۆیشتنی چاوەڕواننەکراو نابێت بۆ یانەی ریال.
خۆزێ فیلیکس دیاز، پەیامنێری ناسراوی رۆژنامەی مارکا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە یانەی ریال مەدرید بە ئامادەبوونی کارلۆ ئەنچیلۆتی و خۆزێ ئەنخێل سانچێز ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی ئەم تیپە لە وەرزی داهاتوو لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز .
دۆڕاندنەکەی بەرامبەر مان سیتی بە لێدانی چوار گۆڵ و خراپی ئاستی یاریزانانی ریاڵ لەو یارییەدا بووە هۆی ئەوەی دۆخەکە تا رادەیەکی زۆر بۆ بەڕێوەبەرانی ریاڵ بگۆڕێت، ئێستاش دەبێت ئامادەی رۆشتنی چاوەڕواننەکراوی ئەو یاریزانانە بین کە پێشتر وا دیار بوو بۆ وەرزی داهاتو گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە.
گرێبەستی زۆرێک لە یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی دێت، لەوانە لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرۆس و مارکۆ ئەسینسیۆ، رەنگە گۆڕانکارییەکی گەورە چاوەڕێی ئەم تیپە بکات بۆ وەرزی داهاتوو.