ئاسێنسیۆ سوورە لەسەر جێهێشتنی ریال مەدرید
یاریگا
مارکۆ ئاسێنسیۆ لە بڕیاری جێهێشتنی ریزەکانی یانەی ریال مەدرید سوورە و ئەو یاریزانە هەفتەی داهاتوو خۆی یەکلایی کردووەتەوە.
هیرشبەرەکەی یانە شاهانەکان ئەم هاوینە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، بەهۆی کەم یاریکردن لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، دەنگۆیەکیش هەیە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا دەیەوێت ئەو یاریزانە وەکو شوێنگرەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئاسێنسیۆ لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبووەتەوە و سوورە لەسەر جێهێشتنی یانەکەی، بۆیە بەرپرسانی یانە فەرەنسیەکە لە رێگەی خۆرخێ مێندێز بەرێوەبەری کارەکانی هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە دەنگۆیەک هەبوو یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگڵتەراش لەسەر هێلە بۆ گواستنەوەی هێرشبەرەکەی مێرنگی، بەڵام رۆمانۆ ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو یاریزانە تەواو لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان نزیکبووەتەوە.
ئاسێنسیۆ لەوەتەی ساڵی 2015 لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات و لەو ماوەیەش ساڵێک بە شیوەی خواستن یاریی بۆ ئیسپانیۆل کرد، ئەو هێرشبەرە ئیسپانیا ئەم هاوینە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و بێ بەرامبەر دەتوانێت یانەکەی جێبێڵێت.