ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

مەیسن ماونت لەگەڵ مانچێستەر یونایت لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوت

یاریگا –

مەیسن ماونتی ئەستێرەی یانەی چێڵسی پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات و لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتووە لەگەڵیان.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، مەیسن ماونت لەگەڵ مان یونایتد گفتوگۆی کردووە، یاریزانەکە لەگەڵ شەیتانە سوورەکان لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتووە و لەم هاوینە روو لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد دەکات بۆ یاریکردن.

مەیسن لە هاوینی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی کۆتایی دێت و رەتیکردووەتەوە نوێی بکاتەوە، تەنانەت بوونی ماوریسۆ پۆچێتینۆ بە راهێنەری بلوز نەیتوانی ئەو یاریزانە بە مانەوە رازی بکات لە یانەکە و سوورە لەسەر جێهێشتنی ستامفۆرد بریج.

بەپێی هەمان سەرچاوە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە گفتوگۆی نێوان ماونت و مانچێستەر بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ئاستێکی ئەرێنی.

یاریزانە 24 ساڵانییەکە دەیەوێت لەم هاوینە لە چێڵسی بڕوات، یانەکەش ناچار دەبێت رێگری لێنەکات تا لە هاوینی داهاتوو ناچار نەبێت بەبێبەرامبەر دەستبەرداری بێت، دەیەوێت لەم هاوینە بڕە پارەیەکی باشی لە فرۆشتنی دەستبکەوێت.

جیا لە مانچێستەر یونایتد هەریەکە لە یانەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵیش ئارەزووی گواستنەوەی ناوبراو دەکەن، بەڵام یاریزانەکە حەزدەکات یاری بۆ شەیتانە سوورەکان بکات.

رۆیشتنی ئەم هێرشبەرەش دەبێتە دەستپێکی چاکسازی پۆچێتینۆ بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتەی بلوز و ئامادەکردنی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو.

هەڵمەتەکەی پۆچی بۆ پاککردنەوەی پێکهاتەی تیپەکە دەستیپێکردووە، لەو کاتەی ماتیۆ کۆڤاسیچی کڕوایتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ مانجێستەر سیتی و بە ئەگەرێکی زۆر پەیوەندی بەو یانەیە دەکات.

لە لایەکی دیکە راهێنەرەکەی بلوز هەریەکە لە یاریزانان جۆواو فیلیکس و دینیس زەکەریای ناردەوە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید و یوڤێنتوس کە بەشێوەی خواستن یارییان بۆ بلوز دەکرد.

لە درێژەی ئەم هەڵمەتەدا یانەکە لۆفتوس چیکیش دەفرۆشێت بە ئەیسی میلانی ئیتاڵی، ئەمەش دوا یاریزان نابێت و یانەکە پلانی وایە دەستبەرداری ئێدوارد مێندی گۆڵپارێز و چەند یاریزانێکی دیکەی تیپەکەی ببێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button