یاریگا –
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باس لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی پێشووی یانەكەیان دەكات.
گرێبەستەكەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە.
لە لێدوانێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرت چاڤی ووتی: بە بێ هیچ گومانێك مێسی دەتوانێت یارمەتیمان بدات، دەتوانێت لە چەند شوێنێكی یاریگادا یاری بكات، لە مۆندیال بینیمان هێشتا چەند ساڵێكی دیكەی لە پێشە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا قسە دەكەن لەگەڵ مێسی چاڤی ووتی: بەڵێ، هەمیشە قسەی لەگەڵ دەكەم، راستە لە دوای مێسی سەركەوتوو بووین لە بردنەوەی نازناوەكان، ئەوەش گەورەیە و شایەنی پێزانینە، هاندەران ترسیان هەبوو لەوەی كە لە دوای مێسی بارسا چی لێ دێت، بارسێلۆنا هێشتا لە ژیاندایە، بە باشی ئاوەدانمان كردەوە، جامی سوپەر و لالیگامان بەدەستهێنا بە بێ بوونی باشترین یاریزانی جیهان و مێژوو، ئەوە شایەنی رێزە.
لە درێژەی قسەكانیدا دەربارەی باشترین یاریزانی مۆندیال چاڤی ووتی: بە سەرۆكی یانەکەم گووتوە، ئەگەر مێسی بگەڕێتەوە هاوكاریمان دەكات، هیچ گومانێكم نیە، چونكە مێسی هێشتا یاریزانێكی یەكلاكەرەوەیە و تینووی بردنەوەیە، ئەو یاریزانێكی تەواو جیاوازە.
لە كۆتایشدا راهێنەرەكەی بلاوگرانا ووتی: شتێكی ئەستەمە خۆت بخەیتە جێگای كەسێك كە هەموو شتێكی بەدەستهێناوە، نازانم چی لە مێشكی لیۆدا دەگوزەرێت، بەڵام بەهۆی پەیوەندیەكانمان لەگەڵیدا روون بووم ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە دەرگاكان بە روویدا كراوەن.
لەم وەرزەی خولی فەڕەنسیدا مێسی بەشداری لە 31 یاریدا كردووە و 16 گۆڵی كردووە و 16 گۆڵیشی درووست كردووە.