کانسێلۆ جەمسەرەکانی ئیسپانیای خستووەتە دۆخی ئامادە باشییەوە
یاریگا –
ریال مەدرید و بارسێلۆنا کێبڕکێیەکی کراوەیان لەسەر بەدەستهێنانی واژۆی جواو کانسێلۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی دەستپێکردووە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا و ریال مەدرید گرنگییەکانیان بە جواو کانسێلۆ، یاریزانی مانچێستەر سیتی کە ئێستا بە خواستن یاری بۆ بایرن میونشن دەکات، پیشان داوە، بەڵام یانە کاتالۆنییەکە دەیەوێت بە خواستن گرێبەست لەگەڵ کانسێلۆ بکات، کەچی ریال مەدرید ئامادەیە گرێبەستێکی هەمیشەیی لەگەڵدا واژۆ بکات.
جواو کانسێلۆ لە ناوەڕاستی ئەم وەرزەدا گەیشتە دووڕیانێکی سەخت لە مانچێستەر سیتی و ناچار بوو، بە خواستن پەیوەندی بە بایرن میونش بکات، لەو ساتەوە نەیتوانیوە ئاستێکی جێگیر پێشکەش بکات، ئەمەش بووەتە هۆی ساردی تۆماس توخێل، لە واژۆ کردنی گرێبەستێکی درێژ مەودا لەگەڵ یاریزانی نێودەوڵەتی پۆرتوگالی.
یاریزانی 28 ساڵان، زیاتر لە 20 یاری لەگەڵ بایرن میونشن کردووە، گۆڵێک و شەش ئەسیستی هەیە، بەڵام سەرباری ئەمەش، گرانی نرخەکەی وایکردووە، بایرن لە گواستنەوەی دوو دڵ بێت.
ریال مەدرید و بارسێلۆنا، ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ یاریزانە بە ئەزموونەکە دەدەن.
رۆژنامەی سپۆرت روونیکردووەتەوە، بارسێلۆنا بە هۆی قەیرانی داراییەوە، ناتوانێت گرێبەستێکی درێژخایەن لەگەڵ کانسێلۆ بکات، ئەمەش وایکردووە دەرفەتی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید زیاتر بێت، چونکە یانەکەی پایتەخت ئامادەیی واژۆکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ پیشان داوە.
ریال مەدرید دەیەوێت هەرچی زووە جێگرەوەیەک بۆ دانی کارڤاخال بدۆزێتەوە، چونکە لە ئاستەکەی رازی نەبوون، کارلۆ ئانچێلۆتیش جێگرەوەی کارڤاخالی دەستنیشان کردووە و داوای لە دەستەی کارگێڕی کردووە، هەرچی زووە گرێبەست لەگەڵ کانسێلۆ بکەن.