بارسێلۆنا هەنگاوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی گوندۆگان دەنێت
یاریگا –
بارسێلۆنا و ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی زارەکی.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسا زوو دەستی خۆی وەشاندووە و گەیشتە رێککەوتنێکی زارەکی لەگەڵ ئەستێرە ئەڵمانییەکە. بڕیارە گوندۆگان گرێبەستێک بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ یانە کاتالۆنییەکە واژۆ بکات.
ئیلکای ئاستێکی بەرز لەم وەرزەدا پێشکەش دەکات و سەرکردایەتی سیتی کردووە بۆ گەیشتن یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و گەڕانەوە بۆ پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ.
هەرچەندە لە ناوەڕاستی وەرز، باس لە دەستبەرداربوونی مانچێستەر سیتی لە خزمەتەکانی ئیلکای دەکرا، بەڵام لە دوای ئاستە بەرزەکەی لە چەند مانگی رابردوودا، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی رای خۆی گۆڕیوە و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک رێگە لە چوونە دەرەوەی گوندۆگان بگرێت.
مانچێستەر سیتی ئۆفەرێکی نوێی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش بە گوندۆگان کردووە، رەنگە چیرۆکی نێوان ئیلکای و سیتیزنز دوای حەوت ساڵ کۆتایی پێبهێت.
یاریزانە تەمەن 32 ساڵانییەکە لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداری لە 48 یاری کردووە، 9 گۆڵی کردووە و 7 گۆڵیشی درووستکردووە.