ئانچێلۆتی: دەمەوێت وەرزی داهاتوو چامپیۆنزلیگ ببەمەوە
یاریگا
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا دوای دۆڕانە گەورەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گووتی
ئەوەی ئەمشەو هیچ مانایەکی نییە، هەندێکجار بەرامبەر بە ڕکابەرێکی باشتر یاری دەکەیت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە وەرزی داهاتوو لەبەرچاو بگرین
راهێنەرەکەی شاهانەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانی بەوەنا کە تیۆی بەرامبەر لە ئەوان باشتر بوون و شایستەی بردنەوە بوون
ئەوان لە ئێمە باشتر بوون و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و سودیان وەرگرت و ئەستەمە لەمجۆرە یارییانە بگەڕێنەوە ناو کەشی یارییەکە. ئەوان لە ئێمە باشتر یاریان کرد و شایەنی ئەوەن بگەنە یاری کۆتایی
ئانچێلۆتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ستایشی یاریزانانی یانەکەی دەکات و دەڵێت
ئەم یاریزانانە بوون وەرزی ڕابردوو لە مانچێستەر سیتییان بردەوە و نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێنا، ئەوان شایستەی ڕێز و حورمەتن و یاریزانی گەورە و بە توانان
کارلیتۆ سەبارەت بە پلانەکانی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو گووتی ئەو لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ناسناوەکە ببەنەوە
دەبێت ئەم شکستە قبوڵ بکەین، هەنگاوێکی ترە بۆ بردنەوە بۆ ساڵی داهاتوو و فێر دەبین لەوەی کە ئەمشەو ڕوویدا.
وەرزی داهاتوو لێرە دەبم بۆ ئەوەی شەڕ بکەم جارێکی تر نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنمەوە