ئینگلتەرا

بۆ باشترین یاریزانی ساڵی پریمەرلیگ، ڤان دایک دەنگی بە ستێرلینگ داوە!

یاریگانێت- کێبڕکێ لەسەر نازناوەکەی پریمەرلیگ لە نێوان مان سیتی و لیڤەرپووڵ تا دێت سەختتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی تاکەکەسیی نازناوی باشترین یاریزانی ساڵی پریمەرلیگ گرنگیی و گەرموگوڕیی خۆی هەیە کە پتر هەر لە نێوان یاریزانەکانی هەردوو یانەکەدا قەتیس ماوە.

ڤیرجل ڤاندایکی دڵی بەرگریی لیڤەرپووڵ ئەو ناوەیە کە تا ئێستا زۆرێک لە پێشبینی و پاڵپشتییەکان وای دەردەخەن هۆڵەندییەکە شایستەترینی ئەو خەڵاتەیە، بەڵام لە تازەترین چاوپێکەوتنیدا، خودی ڤاندایک، ڕەحیم ستێرلینگ بە شایەنی ئەوە دەزانێت و دەنگی پێداوە، دەڵێت: “ئەوەی پێموابوو، وام کرد، پێشموایە کە شایەنێتی. ستێرلینگ وەرزێکی نایابی هەبوو. ئەشێ دەنگیشم بدایە بە بێرناردۆ سیلڤا یاخود دوو لە یاریزانەکانیتری مان سیتی. بەڵام من بە ڕاستگۆییەوە دەیڵێم، چونکە رەحیم ئەم وەرزە وەک یاریزان لەسەر ئاستی تاکەکەسی زۆر گەشەی کردووە. با ببینین بزانین خەڵاتەکە دەباتەوە.”

ڤاندایک هاوینی ڕابردوو بە 75 ملیۆن پاوەند لە ساوسهامپتۆنەوە ڕووی کردە ئانفیڵد. ئێستا لەگەڵ ڕێدز بە جیاوازیی دوو خاڵ لە ستیزنسەوە پێشەنگی پریمەرلیگن، بە یارییەک کەمتر بۆ شینپۆشەکانی مانچستەر.

28ی ئەم مانگە مەراسیمی پێدانی خەڵاتەکە بەڕێوە دەچێت.

Back to top button