ئینگلتەراگرنگترین

هاندەران ئیتر دەتوانن گوێ لە گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانان بگرن

Yariga App

یاریگا –

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هاندەران دەتوانن گوێ لە گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی ڤار بگرن.

رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، لە یارییەکەی لیڤەرپوول و لێستەر سیتیدا، هاندەران دەتوانن گوێیان لە گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی سەرەکی یارییەکە و ناوبژیوانی ڤار بگرن، ئەمەش بۆ زیادکردنی راستگۆیی لە نێوان ناوبژیوانان و هاندەراندا.

تەکنۆلۆژیای ڤار لە وەرزی 2019/2020 لە پرێمەرلیگ کاری پێکرا، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بڕیارە هەڵەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتواندراوە، بە تەواوی رێگە لە هەڵەی ناوبژیوانان بگیرێت.

رۆژی دووشەممە، لیڤەرپوول لە یاریگای کینگ پاوەر دەبێتە میوانی لێستەر سیتی و لەو یارییەدا بۆ یەکەمجار، هاندەران دەتوانن گوێ لە گفتوگۆکانی نێوان ناوبژیوانەکان بگرن.

هاوارد وێب، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشوو کە ئێستا سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگە، ئەم بڕیارە بۆ باشترکردنی ئاستی ناوبژیوانێتی داوە.

بڕیارە هاوارد وێب، ببێتە میوانی ستۆدیۆکانی سکای سپۆرتس بۆ یارییەکەی لێستەر سیتی و لیڤەرپوول، شان بە شانی جێمی کاراگێر و گاری نێڤڵ دەردەکەوێت.

لیڤەرپوول بە دوای بردنەوەکان دەگەڕێت، لە پێناو بەدەستهێنانی پلەی چوارەم و گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە بەرامبەردا، لێستەر سیتی هەموو کارێک لە پێناو مانەوە لە نێو گەورەکانی پرێمەرلیگ دەکات.

بەڵام بە هۆی رێساکانی فیفاوە، هاندەران ناتوانن لە کاتی یارییەکەدا گوێیان لە گفتوگۆکان بێت، بەڵکو لە دوای تەواو بوونی یارییەکە، گفتوگۆکان بڵاودەکرێنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button