نەسڕ ماسیمیلیانۆ ئالێگری دەوێت
یاریگا –
ئیدارەی یانەی نەسڕی سعودی دەستیانكردووە بە گەڕان بە دوای راهێنەرێكی نوێدا، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا سەركردایەتی یانەكەیان بكات.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا نەسڕ رودی گارسیای لە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی یانەكەی دوورخستەوە و راهێنەری لاوانی یانەكەی دینكۆی بە شێوەیەكی كاتی لە جێگای دانا.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی رودی گالێتی ئیدارەی یانەی نەسڕ ناوی چەند راهێنەرێكی خستووەتە لیستی پاڵێوراوەكانەوە بۆ ئەوەی ئەركی راهێنەرایەتیكردنی تیمی یەكەم بگرنە ئەستۆ.
هەمان رۆژنامەنووس ئەوەشی ئاشكرا كردووە، گفتوگۆ ناوخۆییەكانی ناو نەسڕ بەرەو گرێبەستكردن لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەڕۆن بۆ ئەوەی لە دوای كۆتاییهاتنی وەرز گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بكەن.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، نەسڕ ئۆفەرێكی فەرمی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی ئالێگری رازی بكات دوای كۆتاییهاتنی وەرز ئیتاڵیا جێبهێڵێت و پەیوەندی بە سعوودیەوە بكات.
لە ئێستادا نەسڕ لە پلەی دووەمی خولی رۆشەنی سعودی دێت بە كۆكردنەوەی 57 خاڵ و بە جیاوازی پێنج خاڵ لە دوای ئیتیحادی پێشەنگەوەیە.