یاریگا –
لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەگەر یان سۆمەر بیەوێت بڕوات ئەوا بایرن میونشن هیچ رێگرییەکی لێ ناکات.
دوو هەفتە لەمەوبەر تۆڕی سکای سپۆرت ڕایگەیاند، کە تۆماس توخێل و ئیدارەی بایرن میونشن لە یەکەم هەنگاویاندا گەیشتنە ئەو بڕوایەی پێویستیان بە یان سۆمەر نابێت لە وەرزی داهاتوو، بەهۆی گەڕانەوەی مانوێل نۆیەر پاش ماوەیەکی درێژ لە دابڕانی بەهۆی پێکان.
گۆڵپارێزە سویسرییەکە بەهۆی هەڵەکانی لە یارییەکانی بایرن لەگەڵ مانچێستەر سیتی و هەروەها یارییەکەی بەرامبەر ماینز ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە.
لە ئەڵمانیا دەگوترێت دوای پێکانەکەی نۆیەر، بەڕێوەبەرانی بایرن پێیان باشتر بوو کاسپەر شمایکل گۆڵپارێزی دانیمارکی لەبری سۆمەر لە پێکهاتەکەدا دابنێن، بەڵام سۆمەر بژاردەی سەرەکی ناگلیسمان بوو کە راهێنەری دەرکراوی ئەم تیپەیە.
رۆژنامەی بێڵد بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی بایرن هیچ فشارێک ناخەنە سەر سۆمەر بۆ ڕۆشتنی، بەپێچەوانەشەوە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا بە شێوەیەکی زارەکی لەگەڵیدا ڕێککەوتوون کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەگەر ئەم گۆڵپارێزە سویسرییە بیەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەڕانەوەی نۆیەر بڕوات. دەتوانرێت گرێبەستەکەی بەبێ هیچ کێشەیەک هەڵبوەشێنێتەوە.
لەڕاستیدا هەموو شتێک پەیوەستە بە خودی سۆمەرەوە، ئەگەر هەستی کرد بە گەڕانەوەی نۆیەر چانسی ئەوەی نابێت لە پێکهاتەی سەرەکی دابێت، ئەوا دەستبەجێ مۆڵەتی ڕۆشتنی وەردەگرێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گرێبەستەکەی سۆمەر تا مانگی حوزەیرانی 2024 کارا دەبێت و دەگوترێت مانچێستەر یونایتد ئارەزووی گۆڕینی داڤید دی خیا بە یان سۆمەر دەکات.