ئیتاڵیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

دێربی دێلا مادۆنینا بە بردنەوەی ئینتەر کۆتایی هات

Yariga App

یاریگا –

ئینتەر میلان لە دێربی توڕە شکستی بە ئەیسی میلان هێنا و هەنگاوێک لە یاری کۆیایی نزیکبووەوە.

ئەمشەو لە میانی یاری چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەیسی میلان لە یاریگای سانسیڕۆ میوانداری ئینتەر میلانی کرد. یارییەکەش بە بردنەوەی ئینتەر بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.

لەم یارییەدا میلان بێبەش بوو لە تواناکانی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەی رافایل لیاو، کە بەهۆی پێکان نەیتوانی بەشداربێت.

لە تەواوی جیهان بینەران بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەستپێکی یارییەکە بوون، بەڵام دەستپێکێکی شۆکاوی بوو بۆ تەواوی شەیدایانی تۆپی پێ و ئینتەر لە کەمتر لە چارەکێکی دەستپێکی یارییەکە بە دوو گۆڵ میلانی شۆککرد.

گۆڵی یەکەمی ئینتەر میلان لە خولەکی 8ـی یارییەکە لە رێگەی ئێدین دزیکۆی بۆسنی تۆمارکرا، کە لە رێگەی هاکان چالهانۆغلۆی تورکی لە تۆپێکی وەستاوی کۆڕنەوە گۆڵەکەی بۆ درووستکرا.

ئینتەر بەوە نەوەستا و 3 خولەک پاش ئەم گۆڵە، بە دیاریکراوی و لە خولەکی 11 بۆ دووەم جار تۆڕی گۆڵەکەی میلانی هەژاند، ئەم گۆڵەشیان لە رێگەی هێنریک مخیتاریانی ئەرمینی و بە ئەسیستی فێدریکۆ دیمارکۆی ئیتاڵی تۆمارکرا.

هێرشەکانی ئینتەر درێژەی هەبوو، 6 خولەک دوای گۆڵی دووەم خاوەن گۆڵی یەکەم، دزیکۆ شوتێکی لە ستوونی میلان دا و نزیکبوو لە کردنی گۆڵی ئینیەر لە یارییەکەدا.

نەهامەتییەکانی ئەیسی میلان بەردەوامبوو،لە خولەکی 18ـی یارییەکە ئیسماعیل بن ناسڕی جەزائیری و ناوەڕاستکاری تیپەکە بەهۆی پێکان یاریگای بۆ جونیۆر مێساسی بەڕازیلی جیهێشت.

فشارەکانی ئینتەر درێژەی هەبوو بۆ سەر گۆڵی میلان، لە خولەکی 30 ئەو گێمەدا، پاش بەریەککەوتنێکی نێوان لاوتارۆ مارتینێز لەگەڵ سیمیۆن کایێری بەرگریکاری میلاندا، ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ ئینتەر هەژمارکرد و کارتێکی زەردی بەڕووی بەرگریکارەکەی میلاندا بەرزکردەوە.

بەڵام زۆری نەخایاند، ڤار بەشداری لە حاڵەتەکە کرد و لێدانە سزایەکەی ئینتەری هەڵوەشاندەوە و کارتە زەردەکەی کاییێریش سڕدرایەوە.

بە درێژایی ئەو گێمە هەوڵەکانی ئینتەر بۆ کردنی گۆڵی زیاتر و هەوڵەکانی میلانیش بۆ کەمکردنەوەی ئەنجامەکە بەردەوامبوو، بەڵام سەرجەمیان بێسود بوون، ئەو گێمە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی ئینتەر کۆتایی هات.

تەنیا 7 خولەک لەدوای دەستپێکی گێمی دووەم باستۆنی تۆپێکی جوانی بە دزیکۆ دا، هێرشبەرە بۆسینییەکە بە تەنیا بەرامبەر گۆڵپارێزی میلان، مانیان مایەوە بەڵام نەیتوانی گۆڵ بکات و هەلێکی ئاسانی بەفیڕۆدا.

ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری میلان دەستەوەستان نەبوو، لە خولەکی 59 یارییەکە هەردوو یاریزان سیمیۆنی کایەر و سالیمەیکەرزی بردە دەرەوەی یاریگا و لە جێگەی ئەوانیش بەشداری بە ماڵیک تیاو  و ئۆریگی کرد.

تەنیا 3 خولەک دوای ئەم گۆڕانکاریانە و لە خولەکی 62 یارییەکە، ئۆلیڤییە ژیرۆی فەڕەنسی لە ناوچەی سزای ئینتەر تۆپێکی جوانی بە تۆنالی دا، تۆنالیش لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام ستوونی گۆڵ رێگر بوو لە گۆڵی یەکەمی میلان لە یارییەکەدا.

پاش ئەم هێرشە مەترسیدارەی میلان، سیمیۆنی ئینزاگی راهینەری ئینتەر، لە خولەکی 62 تا 78 پێنج گۆڕانکاری بەدوای یەکی ئەنجامدا، هەریەکە لە یاریزانان مخیتاریان، دزیکۆ، لاوتارۆ، دیمارکۆ و چالهانۆغلۆی بردە دەرەوەی یاریگا و لە جێگەی ئەوانیش بەشداری بە برۆزۆڤیچ، لوکاکو، دی ڤڕای، کۆرییا و گالیاریدنی کرد.

لە بەرامبەردا پیۆلی لە خولەکی 82 یارییەکە دوو گۆڕانکاری دیکەی کرد و هەریەکە لە یاریزانان کالولو و پۆبیگای لە جێگای دیاز و کالابریا بەشداری پیکرد.

بە درێژایی ئەم ماوەیەش هەردوو یانە بەردەوامبوون لە هێرشبردن بۆسەر گۆڵی یەکتر، بەڵام هەوڵەکانی هەردوولا بێسود بوو، سەرئەنجام ناوبژیوان فیکەی کۆتایی دێربی دێلا مادۆنینای لێدا بە بردنەوەی ئینتەر لە میلان.

بەمشێوەیەش ئینتەر میلان یاری چوونی دێربی چامپیۆنزلیگی لە بەرژەوەندی خۆی بە کۆتا هێنا و هەنگاوێک لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییە مەزنەکەی ساڵ نزیکبووەوە.

ئامارەکانی یارییەکە

کۆنتڕۆڵی تۆپ: میلان %57  –  ئینتەر %43

هەوڵدان بۆ گۆڵکردن: میلان 12  –  ئینتەر 18

لێدان بۆ ناو گۆڵ: میلان 1  –  ئینتەر 5

لێدانی ڕاستەوخۆ: میلان 18  –  ئینتەر 15

کۆڕنە: میلان 2  –  ئینتەر 3

ئۆفساید: میلان 2 –  ئینتەر 2

کارتی زەرد: میلان 2  –  ئینتەر 1

سەیڤ لەلایەن گۆڵپارێز: میلان 3  –  ئینتەر 1

رێژەی پاسدان: میلان 464  –  ئینتەر 358

رێژەی پاسی درووست: میلان 399-  ئینتەر 295

پچڕاندنی تۆپ: میلان 14 –  ئینتەر 16

هێرشبردن: میلان 127 –  ئینتەر 79

هێرشی مەترسیدار: میلان 43 –  ئینتەر 37

بابەتی زیاتر

Back to top button