بارسێلۆنا مووچەی لیۆ مێسی دەستنیشان دەکات
یاریگا –
لیۆنێل مێسی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، پێویستە دەستبەرداری 75%ی مووچەی پێشووی لە بارسا ببێت.
خەریکە کاروانی وەرزشی پاڵەوانی جیهان لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، دوای ئەوەی لیۆ لەلایەن یانەکەیەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە سزادرا، چونکە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی یانەکەی، گەشتی سعودیەی کرد بوو. رۆژنامەی لیکیپ کۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوان مێسی و پاریس سانجێرمانی دووپاتکردەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی بۆ گەڕاندنەوەی مێسی دەستپێکردووە، بەڵام مێسی دەزانێت، ئەگەر بگەڕێتەوە بارسا، پێویستە دەستبەرداری 75%ی مووچەی پێشووی لە بارسا بێت کە ئەو کاتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ بوو لە ساڵێکدا.
ئەگەر مێسی بە ئۆفەرەکە رازیبێت، ئەوا مووچەی ساڵانەی مێسی دەبێتە 25 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش ئۆفەرێکی زۆر لاوازە، بەراورد بە ئۆفەرەکەی هیلال کە دەگاتە 400 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها ئینتەر مەیامیش، ئامادەیە مووچەیەکی گەورە بە مێسی بدات.
قەیرانە داراییەکانی بارسێلۆنا رێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاسانی لیۆ مێسی. چونکە یانە کاتالۆنییەکە پێویستە مووچەی یاریزانەکانی بە نزیکەی 200 ملیۆن یۆرۆ کەم بکاتەوە، تاوەکو خۆی لە رێساکانی یاری خاوێن یەکسان بکاتەوە و رەزامەندی لالیگاش بۆ گەڕانەوەی مێسی وەربگرێت.
مێسی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە پاریس سڕ کراوە و ئەگەر کریستۆف گاڵتیێ بڕیاری یاری پێکردنی مێسی لەم وەرزەدا بدات، ئەوا دەتوانێت بەشداری یارییەکانی بەرامبەر تروا، ئاجاکسیۆ و ئۆکزێر بکات.