کێ باشترینە؟گرنگترین

رۆناڵدۆ و مێسی رکابەری لەسەر زۆرترین داهات دەکەن

Yariga App

یاریگا –

زیادبوونی پارەی دەوڵەمەندەکانی کەنداو لە جیهانی تۆپی پێ و گۆڵف، وایکردووە وەرزشوانان پارەی زۆر زیاتر لە جاران بەدەستبهێنن. تەنیا ریزبەندی 10 وەرزشوان (گۆڤاری فۆربس) زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەردەگرن، ئەمەش ریکۆردی ساڵی 2018ی شکاند.

دوای بەسەربردنی ساڵ و نیوێکی ناخۆش لە مانچێستەر یونایتد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گرێبەستێکی گەورە، پەیوەندی بە نەسر کرد و ساڵانە بڕی 46 ملیۆن وەک مووچە وەردەگرێت.

فیل میکڵسن و دەستن جۆنسن، ئەستێرەکانی یاری گۆڵف، بە هۆی پاڵپشتییەکانی سعودیە لە پاڵەوانیەتی PGA سامانەکەیان زیادیکردووە و ئەگەر لیۆنێل مێسی بڕیاری چوون بۆ سعودیە بدات، ئەوا رەنگە ببێتە خاوەنی بەرزترین داهات لەسەر ئاستی وەرزشواناندا.

لە چەند ساڵی رابردوودا، بە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجی بەدەستهێنانی مافی گواستنەوەی یارییەکان و دەرچوون لە میدیاکان، داهاتی وەرزشوانانی زۆر بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، زۆربوونی پارەی وەبەرهێنەرانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەرزشە جیاوازەکاندا.

لە ساڵی 2018 ریکۆردێکی نوێ لە زۆری داهاتی وەرزشوانان تۆمار کرابوو، ئەویش بە هۆی فڵۆید مایوێزەری بۆکسێنەر بوو، کە زیاد لە 280 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتبوو.

لە ریزبەندی گۆڤاری فۆربس بۆ ساڵی 2023، رۆناڵدۆ بە کۆکردنەوەی 136 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم دێت. کیلیان ئێمباپێ لە تەمەنی 24 ساڵیدا بە کۆکردنەوەی 120 ملیۆن دۆلار، لە پلەی سێیەمدا دێت.

#1 • $136 ملیۆن

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 

وەرزشی: 46 ملیۆن دۆلار بازرگانی: 90 ملیۆن دۆلار رەگەزنامە: پۆرتوگالتەمەن: 38 ساڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال

لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو، رۆناڵدۆ مانچێستەر یونایتدی جێهێشت. لە دوای مۆندیالی قەتەر، پەیوەندی بە نەسری سعودییەوە کرد و مووچەی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 75 ملیۆن دۆلار، ئەمە جیا لە کارەکانی دەرەوەی یاریگا. هەرچەندە زۆر باس لە گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا دەکرێت، بەڵام ئێستا لە سەرووی ریزبەندی ئەو وەرزشوانانە دێت، کە زۆرترین داهاتیان هەیە.

براندەکان ناتوانن بەرگەی رۆناڵدۆ بگرن، چونکە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا زیاتر لە 850 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە. باینانس، کۆمپانیای گەورەی کریپتۆ نوێترین سپۆنسەری رۆناڵدۆیە. لە 12 مانگی رابردوودا، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە نزیکەی 90 ملیۆن دۆلاری لە کاروباری بازرگانی دەستکەوتووە. تەنیا سێ وەرزشوان لە مێژوودا ئەو ژمارەیان تێپەڕاندووە، ئەوانیش هەریەکە لە رۆجێر فێدرێر و تایگەر وودز و کۆنۆر مەکگریگۆر بوون.

#2 • $130 ملیۆن

 

لیۆنێل مێسی

 

وەرزش: 65 ملیۆن دۆلار بازرگانی: 65 ملیۆن دۆلار رەگەزنامە: ئەرجەنتین تەمەن: 35 ساڵ

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان

داهاتووی لیۆنێل مێسی باسی گەرمی میدیاکانە، زۆربەیان ئاماژەکان نزیکی مێسی لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەردەخەن، یاخود شوێنپێی رۆناڵدۆ بکەوێت و پەیوەندی بە هیلالی سعودییەوە بکات. تەنانەت باس لە پەیوەندی کردنی بە ئینتەر میامی ئەمریکیشەوە دەکرێت. لە سەرووی هەموویەوە، دەبێ هەژمارە بانکییەکانی مێسی پارێزراو بن.

مێسی جیا لە مووچە زەبەلاحەکەی پاریس سانجێرمان، چەندین گرێبەستی گرانبەهای لەگەڵ ئادیداس، بەدفایسەر و پێپسیکۆ هەیە. تەنیا کۆمپانیای سۆکیۆس، ساڵانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار بە مێسی دەدات.

#3 • $130 ملیۆن

 

کیلیان ئێمباپێ

 

وەرزش: 100 ملیۆن دۆلار بازرگانی: 20 ملیۆن دۆلار رەگەزنامە: فەرەنسا تەمەن: 24 ساڵ

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا

لە ساڵی رابردوودا، ئێمباپێ لە پلەی 35ی ریزبەندی گۆڤاری فۆربسدا هاتبوو، بەڵام ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر داهاتی ساڵانەیدا هاتووە و ئێستا خاوەن بەرزترین مووچەیە لەسەر ئاستی یاریزانانی تۆپی پێ. ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا پلەی دووەمی جامی جیهانی بەدەستهێنا و باشترین دووەم یاریزانی جیهانیش بوو، لە دوای لیۆنێل مێسی.

ئێمباپێ لە حوزەیرانی ساڵی 2022 بووە باڵیۆزی ڤیدیۆگەیمی سۆرارێ، کە بە دراوی کریپتۆ کار دەکات. جیا لەمەش گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای گەورەی دیکە هەیە.

#4 • $130 ملیۆن

 

لیبرۆن جەیمس

 

وەرزش: 44.5 ملیۆن دۆلار بازرگانی: 75 ملیۆن دۆلار رەگەزنامە: ئەمریکا تەمەن: 38 ساڵ

لیبرۆن جەیمس
لیبرۆن جەیمس لەگەڵ لۆس ئانجلێس لەیکەرس

وەرزشوانانی ئەم سەردەمە دوور لە وەرزشیش، وەبەرهێنەر و کارسازی سەرکەوتوون. لیبرۆن جەیمس دیارترین نموونەی سەرکەوتنی وەرزشوانێکە، بەڵام جیا لەمەش، لە ناوەڕاستی ساڵی 2022، گۆڤاری فۆربس ناوی لیبرۆنی وەک یەکەم وەرزشوان کە سامانەکەی بگاتە یەک ملیار دۆلار، بۆ لیستی ملیاردێرەکانی جیهان زیاد کرد.

لیبرۆن جەیمس خاوەنی کۆمپانیای لادەرە (Ladder) کە تایبەتمەندە بە خۆراکی وەرزشی. جیا لەمە خاوەنی کۆمپانیای سپرینگ هیڵە (Spring Hill)، ئەم کۆمپانیایە بەرهەمی تەلەڤزیۆنی بەرهەمدەهێنێت. بەم دواییە فیلمی هاوس پارتی (House Party) بەرهەم هێنا.

لیبرۆن جەیمس خاوەنی پشکە لە گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی سپۆرتس (FenwaySports). ئەم کۆمپانیایە خاوەنی یانەکانی بۆستۆن رێد سۆکس و لیڤەرپوولە.

#5 • $110 ملیۆن

 

کانێلۆ ئالڤارێز

 

وەرزش: 100 ملیۆن دۆلار بازرگانی: 10 ملیۆن دۆلار رەگەزنامە: مەکسیک تەمەن: 32 ساڵ

کانێلۆ ئالڤارێز
کانێلۆ ئالڤارێز

ئالڤارێز هەر کاتێک بچێتە سەر گۆڕەپانی بۆکسێن، دەیان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت. لە 12 مانگی رابردوودا، ئالڤارێز رووبەڕووی دمتری بیڤۆل و گێنادی گۆڵۆڤکین بووەوە. دەیان ملیۆن دۆلاری لەو یارییانە دەستکەوت. ئالڤارێز گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیای هێنێسی (وێسکی) و میشێڵۆب ئەڵترا هەیە. جیا لەمەش لە سێپتێمبەری ساڵی 2022 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکزڵ سپۆرتس مەنەجمێنت واژۆ کرد.

ئالڤارێز خاوەنی کۆمپانیای ئاوی وەرزشی یاوکا (Yaoca) و ئەپلیکەیشنی لەشڕێکییە. هەروەها براندێکی جلوبەرگ و خواردنەوە کحولییەکانیشی هەیە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
پڕ داهاترین وەرزشوانانی جیهان لە 2023

بابەتی زیاتر

Back to top button