کوردستان

روونکردنەوە بۆ رای گشتی کوردستان و شەقامی وەرزشیی کوردستان

یاریگا-ئێمە سێ ئەندامی کارای دەستەی کارگێڕیی یانەی زێرەڤانی، کە نزیکەی سێ ساڵە لەکارکردن لە یانەکە وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بەردەوامین و شانازی بەهەموو ئەو کارانەوە دەکەین کە بۆ یانەکەمان و یاریزانان و راهێنەرانی یانەکەمان کردووە، دەمانەوێ بۆ هەموو لایەکی روون بکەینەوە کە لەم ساتە بەداوەوە، هیچ پەیوەندەییەکمان بە کارگێڕیی یانەکەوە نییە و دەستلەکاردەکێشینەوە.

لێرەدا دەمانەوێ بۆ هەموو لایەکی روون بکەینەوە، بەتایبەت وەرزشدۆستانی کوردستان و شاری دهۆک بەتایبەتی و یاریزانانی هەموو تیمە جیاوازەکانی یانەکە، کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەمان بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەویستی ئێمەوە هەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە وەرزشوانان و ناوی گەورەی یانەی زێرەڤانی.

ئێمە لەبەرئەوەی تێبینی زۆرمان لەسەر شێوازی کارکردن لە یانەکەدا هەیە و پێمانوایە ناوەرزشییە و ناڕوونی لە شێوازی کارکردنی دەستەی کارگێڕیدا هەیە و شەفافیەت نییە، چەندینجار داوای پێکهێنانی لێژنەمان کرد بۆ دەرخستنی راستییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان، بەڵام ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەداواکەی ئێمە بۆ دەرخستنی راستییەکان رازی نەبوون و ئەمڕۆ لە دوا کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیدا هەموو شتەکان گەیشتنە بنبەست.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لە هیچ هەنگاوێکی ناوەرزشییانەی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەرپرسیار نین و ناتوانین چیدی لە ئاست کەمتەرخەمی و نایەکسانی نا شەفافیەتدا بێدەنگ بین، بۆیە دەستلەکاردەکێشینەوە.

دووپاتیشی دەکەینەوە بۆ خزمەتی وەرزش لە کوردستان و ناوی یانەی زێرەڤانی هەمیشە ئامادەی قوربانیدانین بێ ماندووبوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button