بازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نسا

تۆخێل: نێیمار لە پاریس بڕوات، لەوەیە خەوم لێنەکەوێت

یاریگا- بابەتی ڕۆشتنی نێیمار لە پاریس بەردەوامە و بۆتە چەقی هەواڵی گواستنەوەکانی هاوینە، لە نێو میدیا جیهانییەکاندا.

پی ئێس جی ترسی لە لەدەستدانی سوپەرستارەکەی هەیە بەتایبەت کە دوو یانەی گەورەی وەک بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید، وەک بڵاو دەکرێتەوە، لە کێبڕکێدان بۆ گواستنەوەی.

لە میانی چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیی پێش یاریەکەیان بەرامبەر یانەی نیم لە خولی فەڕەنسیی، تۆما تۆخێل نیگەرانیی و ترسی خۆی نەشاردەوە لە ئەگەری ڕۆشتنی نێیمار لە یانەکەی، گوتی: “ئەگەر نێیمار لەدەست بدەین، لەوەیە خەوم لێنەکەوێت. قورسە لەدەستی بدەین، قورسە یاریزانێک بدۆزیتەوە هەمان ئەو شتانە ئەنجام بدات کە نێیمار بۆمانی ئەنجام دەدات. ڕەنگە لەم بارەیەوە بێ هەواڵیی، باشترین هەواڵبێت.”

وتیشی: “من دەمەوێت لەگەڵمانبێت، بەڵام دەبێت بەبێ ئەویش چارەسەر بدۆزینەوە. من هەوڵ دەدەم قایل بە مانەوەی بکەم، ئەگەرچی ئەوە بژارێکی کەسییە. بابەتێکی نێوان خۆی و یانەکەیە.”

لە یارییەکەدا کە پاریسییەکان بە سێ گۆڵی خاوێن براوە بوون، دەستەی هاندەرانی یانەکە بە بانەر و هوتافی جیاواز سەرزەنشتی نێیماریان دەکرد، بەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە خۆی لە پابەندبوونی بە پاریسەوە دابڕاندووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button