ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

راپۆرت: ٢٠ گرنگترین گواستنەوەی هاوینەی پریمەرلیگ

شەوی رابردوو بەفەرمی بازاڕی کڕینی یاریزانان لە ئینگلتەرا داخرا. هەرچەندە هێشتا مۆڵەت ماوە یاریزانان ئەو خولە جێبهێڵن بەڵام لەم بابەتەدا ٢٠ گرنگترین کڕینتان لە پریمەرلیگ پێ ئاشنادەکەین

#٢٠

نیڵ ماوپای : بەرامبەر بە ٢٠ ملیۆن یۆرۆ

 برێنتفۆرد بۆ هۆڤ ئەند ئەلبیۆن.خاوەنی ٢٥ گۆڵ و ٨ ئەسیست بوو لە وەرزی رابردووی خولی پلە یەکی ئینگلتەرا.

 

#١٩ ئەلبیان ئاجێتی (٨ ملیۆن یۆرۆ)

لە بازلەوە گوێزرایەوە بۆ وێستهام. وەرزی رابردوو لە خولی سویسری ١٤ گۆڵی تۆمارکرد و چاوەڕوانی زۆری لێدەکرێت.

#١٨ تۆم هیتن (٨ ملیۆن یۆرۆ)

لە بێرنلی گوێزرایەوە بۆ ئەستۆن ڤیلا. تۆم یەکێک بوو لە شۆرشەکەی هاوینی ئەمساڵی ئەستۆن ڤیلا. سەرەڕای ئەوەی تەمەنی ٣٣ ساڵە بەڵام بە ئەزموونە زۆرەکەی، زیادەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ڤیلا.

#١٧ دانیێل جەیمس (١٧ ملیۆن یۆرۆ)

دانیێل لە سوانزی سیتییەوە گوێزرایەوە بۆ مانچستەریونایتد. ناوبراو ناسنامەی وێڵزییە و لە ئێستاوە لە یونایتد بە جێگرەوەی رایان گیگز ناوی دەبەن.

#١٦ ئەلێکس ئایوبی (٤٠ ملیۆن یۆرۆ)

لە ئارسناڵەوە بۆ ئێڤەرتۆن. لە کۆتا شەوی بازاڕی گواستنەوەدا ئێڤەرتۆن گواستنەوەیەکی دیکەی راگەیاند. خاوەنی ١٠٠ یارییە لە پریمەرلیگ و ئەگەر کەمێک زیاتر گۆڵ تۆماربکات ئەو بۆچوونانە بە درۆدەخاتەوە گووایە ئێڤەرتۆن پارەیەکی زۆر زیاتر لە نرخی خۆی پێداوە.

#١٥ دینیس پرایت (٢١ ملیۆن یۆرۆ)

سامپەدۆریا بۆ لێیستەر سیتی. پرایتی بەلجیکی ناوەڕاستکارە و پێشتر یوڤێنتۆس هەوڵی بۆداوە بەڵام لە پریمەرلیگ نیشتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری گەورەی لەسەر ناوەندی یاریگای لێیستەر هەبێت.

#١٤ داڤید لویز ( ٨ ملیۆن یۆرۆ)

چێڵسی بۆ ئارسناڵ. بە رۆیشتنی کۆسیێڵنی کاپتن، ئارسناڵ لویزی گواستەوە ریزەکانی. لەگەڵ ئەوەی کێشەی پابەندبوونی هەیە بە مەشق و رێنماییەکان بەڵام لویز وەک یەکێک لە بەرگریکارە بە ئەزموون و بەهێزەکانی پریمەلیگ دەمێنێتەوە.

#١٣  پابلۆ فۆرناڵس ( ٢٨ ملیۆن یۆرۆ)

ڤیاریاڵ بۆ وێستهام. فۆرناڵسی ٢٣ ساڵ وەرزی رابردوو لە یۆرۆلیگ ئاستێکی بەرزی نیشاندا و رەنگە رێک ئەو ووزەیە بێت کە ناوەندی یاریگای وێستهام پێویستیەتی.

#١٢ وێسلی (٢٥ ملیۆن یۆرۆ)

کلەب بروگ بۆ ئەستۆن ڤیلا. یەکێکی دیکە لە گرێبەستە گرنگەکانی ئەستۆن ڤیلا. لەگەڵ ئەوەی تەمەنی تەنها ٢٢ ساڵە بەڵام وێسلی لەو هێرشبەرە بەڕازیلییە گەنجانەیە کە کێشەی گۆڵ تۆمارکردنی نیە و ئەگەر خۆی بدۆزێتەوە لە پریمەرلیگ رەنگە ببێتە یەکێک لە گۆڵکارانی.

١١# کییران تیێرنی (٢٧ ملیۆن یۆرۆ)

سەڵتیک بۆ ئارسناڵ. دوای مقۆمقۆیەکی زۆر سەرەنجام کییران روویکردە ئارسناڵ. گەنەرز پێویستی بە بەرگریکارە بەتواناکە بوو تاوەکو کێشەی چەند ساڵەی هێڵی بەرگری بۆ چارەسەربکات.

#١٠ سباستیان هالەر (٤٠ ملیۆن یۆرۆ)

ئینتراخت فرانکفورت بۆ وێستهام. هالەر یەکێک بوو لە گۆڵکارە بەردەوامەکانی بۆندزلیگا. هامەرز کڕیویانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم گۆڵی یانەکە، بە تایبەت دوای رۆیشتنی مارکۆ ئەرناتۆڤیج بۆ خولی چینی.

#٩ جیۆڤانی لۆ سێڵسۆ (خواستن)

ریاڵ بیتس بۆ تۆتنهام.  لۆ سێڵسۆ یەکێک لە ناوەڕاستکارە دیارەکانی وەرزی رابردووی لالیگا بوو. ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیشەوە و تۆتنهام مافی ئەوەی هەیە لە کۆتایی وەرزی داهاتوو بەیەکجاری بیگوازێتەوە.

#٨ دانی سیبایۆس (خواستن)

ریاڵ مەدرید بۆ ئارسناڵ. سیبایۆسی ٢٣ ساڵ باشترین یاریزانی تیپی دووهەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لەگەڵ ئەوەی لە ریاڵ مەدرید نەگەیشتە ئەو ئاستەی چاوەڕواندەکرا بەڵام ئەوە روونە خاوەنی ووزە و توانایەکی شاراوەی زۆرە.

#٧ ئارۆن وان بیساکا (٥٥ ملیۆن یۆرۆ)

کریستاڵ پاڵاس بۆ مانچستەر یونایتد. لە تەمەنی تەنها ٢١ ساڵیدا بووە یەکێک لە گرانبەهاترین بەرگریکارەکان. لە یارییە دۆستانەکاندا بە ئاستە بەرزەکەی نیشانیدا  یونایتد دەتوانێت سوودێکی زۆری لێوەرگرێت بۆ بەرگری و هەروەها هێرشبردن.

#٦ رۆدری (٧٠ ملیۆن یۆرۆ)

ئەتڵەتیکۆ مەدرید بۆ مانچستەر سیتی. رۆدری یەکێکی دیکەیە لە یاریزانە گەنجە گرانبەهاکان. لەبەر گرێبەستە خەیاڵییەکەی مان سیتی نەبووایە، رەنگە ئەتڵەتیکۆ هەرگیز دەست بەرداری نەبووایە. پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگرەوەی فێرناندینهۆ لە پێکهاتەی سەرەکی ستیزن.

#٥ جواو کانسێلۆ (٦٥ ملیۆن یۆرۆ)

یوڤێنتۆس بۆ مان سیتی. کانسێلۆ رەنگە یەکێک بێت لە باشترین کارە بازرگانییەکانی سیتی پاش ئەوەی بە پارەیەکی گونجاو بەرگریکارێکی گواستەوە کە زۆر کەس بە باشترین بەرگریکاری باڵی چەپ لە جیهاندا ناوی دەبەن. ئەمە جگە لەوەی بەهۆی کڕینی ئەو، توانی دانیلۆ بە پارەیەکی باش رەوانەی یۆڤی بکات.

#٤ هاری مەگوایەر (٨٠ ملیۆن یۆرۆ)

لێیستەر بۆ مان یونایتد. مەگوایەر بووە گرانترین بەرگریکاری مێژووی تۆپی پێ پاش کەللە رەقییەکەی لێیستەر بۆ ئەوەی نرخی بگەیەنێتە سەروو ڤێرجڵ ڤان دایک. یونایتد گرنگی بە نرخەکەی نەدا بەهۆی پێویستییەکی زۆر بە تواناکانی بەرگریکارە پۆڵاینییەکە.

#٣ مۆیس کین (٢٧.٥ ملیۆن یۆرۆ)

یوڤێنتۆس بۆ ئێڤەرتۆن. یەکێک لە گواستنەوە شۆکهێنەرەکانی هاوین بوو. کین بووە یەکەم یاریزانی خولی ئیتاڵی کە لە دایکبووی ٢٠٠٠ بێت و لە کالچیۆ یاری بکات. وەرزی رابردوو لە کۆتا هەفتەکاندا ئاستێکی بەرزی نێشاندا  و هەمووان سووربوون داهاتووی یۆڤییە بەڵام بەدەر لە چاوەڕوانییەکان یۆڤی بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری بوو.

#٢ تانگوای ندۆمبێڵی (٦٠ ملیۆن یۆرۆ)

لیۆن بۆ تۆتنهام. ندۆمبێڵی دوو ساڵە بووەتە خولیای چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا  بەڵام لە کۆتاییدا تۆتنهام بوو کە پاش ماوەیەکی زۆر بێدەنگی لە بازاڕی گواستنەوەدا بە ٦٠ ملیۆن ناوەڕاستکارە فەڕەنسییە بلیمەتەکەی گواستەوە ریزەکانی.

#١ نیکۆڵاس پێپێ (٨٠ ملیۆن یۆرۆ)

لیل بۆ ئارسناڵ. پێپێ بووە گرانترین یاریزانی مێژووی ئارسناڵ و دووهەم گرێبەستی ٨٠ ملیۆنیی هاوینە بوو. ناوبراو لە یانەیەکی بچووکەوە پارساڵ رکابەری ئێمباپێی دەکرد بۆ ناسناوی گۆڵکاری خولی فەرەنسی. دوای ٢٢ گۆڵ و ١١ ئاسیست لە یەک وەرزدا پێشبینی دەکرێت سیانەیەکی بەهێز پێکبهێنن لەگەڵ لاکازێت و ئاوبامیانگ.

سەرچاوە: گۆڵ.کۆم

بابەتی زیاتر

Back to top button