روونی دەیەوێت لە درگایەکی بچووکەوە بگەڕێتەوە ئینگلتەرا
یاریگا-واین روونی ئەستێرەی مێژوویی پریمەرلیگ و یانەی مانچستەریونایتد بیر لە گەڕانەوە دەکاتەوە بۆ ئینگلتەرا لە ریزی یانەیەکی پلەیەک.
هێرشبەرە ئایکۆنییەکە گرێبەستێکی پێگەیشتووە لە یانەی دێربی کاونتی لە خولی پلە یەکی ئینگلتەرا تاوەکو وەک یاریزان و هەروەها راهێنەر پەیوەندییان پێوەبکات.
روونی لە هاوینی رابردوودا روویکردە دی سی یونایتدی ئەمریکی و لە ماوەی ساڵێکدا ٢٣ گۆڵی تۆمارکردووە و ١٤ی دیکەشی دروست کردووە لە دوو وەرزی جیاوازدا. ناوبراو لە باری رازیبوونی بە گرێبەستەکەی دێربی ئەوا دەبێتە جێگرەوەی فرانک لامپارد کە ئەمیان ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی جێهێشت و پۆستی چێڵسی وەرگرت.
لەم دواییەدا یاریزانە مێژووییەکانی پریمەرلیگ سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە گرتنە دەستی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکان. جگە لە لامپارد، هەریەک لە ستیڤن جیرارد و جۆن تێریش تا ئێستا سەرکەوتوبوون لەگەڵ گلاسکۆ رێنجەرز و ئەستۆن ڤیلا.