ئیسپانیا

سیمیۆنی: یاساکان بۆ هەموولایەک وەک یەک نین!

یاریگانێت- دیێگۆ سیمیۆنی نیگەرانە لەوەی لە چەند یاری ڕابردوودا یاریزانەکانی ژمارەیەکی زۆر کارتیان بە ڕوودا بەرز کراوەتەوە و گازندەی خۆشی لە بڕیاری ناوبژیوانان نەشاردەوە.

دوای شکستەکەیان 2-0 لە هەفتەی 31ی خولی ئیسپانیی لەسەر دەستی بارسێلۆنا، کە تێیدا لە خولەکی 28ی یارییەکە دیێگۆ کۆستا بە کارتی سووری ڕاستەوخۆ کرایە دەرەوە، ڕاهێنەرەکە وتی: “لە دوایین 11 یاریدا 7 کارتی سوور بە یاریزانانمان دراوە، کەواتا هەڵەیەک هەیە لە ئێمەدا. لە نێوان گێمەکان پرسیارەکان لە ناوبژیوان کرد دەربارەی قسەکانی کۆستا، ئەو گوتی کۆستا قسەی هەڵەی پێگوتووم، کۆستاش دڵنیامی کردەوە کە شتی وای نەگوتبوو. خۆ یاریزانەکانیتریش شتی وا دەڵێن و کەچی ناشکرێنە دەرەوە، هەرچەندە ئەوە پاساوی کۆستا ناداتەوە.

بەڵام مامەڵەکە هەمیشە وەک یەک نییە بۆ هەمووان. هەرگیز وەک یەک نییە.”

بەو شکستەیان، سیمیۆنی لە کۆی 15 یاری خۆی بەرامبەر بارسا، نەیتوانیوە هیچ یارییەک لە بلاوگرانا بباتەوە لە خولی ئیسپانیی. جیاوازیی نێوانیان لە ڕیزبەندیی لالیگا لە ئێستادا 11 خاڵە و ڕۆخی بلانکۆس لە پلەی دووەم دێن.

Back to top button